پەرەگراف
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ڕایگەیاند، لە 17-10-2023ـەوە تا ئێستا "58 جار" هێزەكانیان لە عێراق و سووریا كراونەتە ئامانج، بەڵام هێرشەكان بە "شكستخواردوو" وەسف دەكات. دەشڵێت "لەگەڵ عێراق لە هەماهەنگیدا دەبین بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لە پاراستنی هێزەكانمان".
سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند "هەموو ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر بنكەكانمان، شكستخواردوو بوون و هیچ زیانێكی گیانی (گیانلەدەستدان) یان ژێرخانمان پێ نەگەیشتووە".
دەربارەی سەربازە بریندارەكانیان لەو هێرشانەدا، جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا "ئەوانەی بریندار بوون، هەموویان گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان".
بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا "سێ جار" هێرش كراوەتە سەر هێزەكانیان لە عێراق و سووریا، بەوەش ژمارەی هێرشەكان لە 17-10-2023ـەوە تا ئێستا گەیشتووەتە "58" هێرش، كە "27"یان لە عێراق و "31"یان لە سووریا بووە.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر هێزەكانیان، جێگری وتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند "سێ جار بە توندی هێرشمان كردووەتە سەر چەندین پێگە و كۆگای چەكی لە سووریا، هێرشەكانمان بوونەتە هۆی ئەوەی میلیشیاكان دەستیان بە چەكەكانیان نەگات".
"بەردەوام دەبین لە كاركردن لەگەڵ حكومەت و سوپای عێراق بە مەبەستی پاراستنی هێزەكانمان. سەربازانمان بە بانگهێشتی عێراق چوونەتە ئەو وڵاتە، بۆیە لە كاركردن و هەماهەنگی بەردەوام دەبین"، بەرپرسەكەی پێنتاگۆن وا دەڵێت.
نوێترین هێرش بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ ئەنجام دراوە، كە دژەتیرۆری پارتی بڵاوی كردەوە "ئەمڕۆ لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كرایە سەر فڕۆكەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر و دووكەڵێكی زۆر لە فڕۆكەخانەكە بەرزبووەتەوە".
دژەتیرۆر ھیچ زانیارییەكی لەبارەی زیانی ھێرشەكە ئاشكرا نەكردووە، بەڵام دەڵێت "پێشتر فڕۆكەخانەكە وەكوو بنكەیەكی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەكار دەهات و لە 20-10-2023 چۆڵ كراوە".
هێرشەكانی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا، لەلایەن گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران ئەنجام دەدرێن كە خۆیان لەژێر ناوی "بەرەنگاریی ئیسلامی" ڕێكخستووە. تا ئێستا ئەنجامدانی دەیان هێرشیان بە "درۆن و مووشەك" بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاندووە.
ئەو گرووپانە لە 17-10-2023ـەوە ئۆپەراسیۆنێكیان لەژێر ناوی گپاڵپشتی لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە، بە ئامانجی پاڵپشتی لە ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. لە بەرانبەر پاڵپشتیی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل، بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەكەنە ئامانج.
چەند جارێك بەرپرسانی باڵای ئەمریكا هۆشدارییان داوەتە میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران لە بەرانبەر كردنە ئامانجی بنكەكانیان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد، هەمان پرسی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق تاوتوێ كرد. ئەنتۆنی بلینكن ڕایگەیاند "هۆشداری دەدەین بە میلیشیاكانی سەر بە ئێران، جەنگی غەزە نەقۆزنەوە بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانمان".