پەرەگراف
وەزیری پەروەردە داواكاریی قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سلێمانی، بۆ كەمكردنەوەی مەنهەجی خوێندن ڕەت دەكاتەوە، بەڵام هاوكات دەڵێت "دڵنیایان دەكەمەوە ماف و بەرژەوەندییان پارێزراو دەبێت".
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، ڕۆژی پێنجشەممە 16-11-2023 بۆ میدیاكان دوا و دەربارەی داواكاریی قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ كەمكردنەوەی مەنهەجی خوێندن ڕایگەیاند "كاتێك وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: پرۆگرامەكانی خوێندن كەم ناكەینەوە، مەبەستی ئەوەیە بەرژەوەندیی قوتابی و خوێندكاران بپارێزێت".
بەڵام وەزیری پەروەردە هاوكات ڕایگەیاند "هەموو قوتابی و خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سلێمانی دڵنیا دەكەمەوە كە درەنگ دەستیان بە خوێندن كردووە، یان تا ئێستا دەستیان پێ نەكردووە، ماف و بەرژەوەندییان پارێزراو دەبێت".
بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانەوە، لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، تا ئێستا پرۆسەی خوێندن دەستی پێ نەكردووەتەوە، بەڵام ئالان حەمەسەعید دەڵێت "لە كۆیە، ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی گەرمیان هەموو قوتابیانی پۆلی 12 دەوام دەكەن، لە سلێمانییش بەشێكی باشی قوتابخانەكان دەوام دەكەن".
"ئەنجوومەنی وەزارەت بە تایبەت لەبارەی قوتابیانی سلێمانی كۆدەبێتەوە، ئەگەر لە سلێمانی و دەوروبەری هەندێك قوتابخانە دەستیان بە خوێندن نەكردووە، میكانیزمێكی گونجاویان بۆ دەدۆزینەوە، ئەوەی بكرێت بۆ مافی ئەوان دەیكەین، پێویست ناكات بە هیچ شێوەیەك بشڵەژێن"، وەزیری پەروەردە وا دەڵێت.
ئالان حەمەسەعید جەخت دەكاتەوە كە "پرۆگرامەكانی خوێندن تەواو دەكرێن" و دەشڵێت "ئەگەر قوتابییەكی پۆلی 12 لە 15 تا 30 ڕۆژ لە خوێندن دواكەوتبێ، ئێمە هەموو بەرپرسیارێتییەكە ناخەینە سەر شانی ئەو قوتابییە، بڵێین دەبێ لە 3/6/2024 تاقیكردنەوە بكەیت، بەڵكوو میكانیزمی دیكەیان بۆ دەدۆزینەوە".
دووپاتیشی كردەوە كە "هەر كاتێك هەموو قوتابییەكان دەستیان بە خوێندن كردەوە، ئێمە كاری پێویستان بۆ ئەنجام دەدەین، بۆیە با هیچ قوتابییەكی پۆلی 12 نیگەران نەبێت".