پەرەگراف
دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر کە پێشتر فڕۆکەخانەکە وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات.
بەھۆی ھێرشەکەوە دوکەڵێکی زۆر لە فڕۆکەخانەکە بەرزبووەتەوە، دژەتیرۆر ھیچ زانیارییەکی لەبارەی زیانی ھێرشەکە ئاشکرا نەکردووە.
ھێرشەکەی ئەمڕۆ
بەوتەی دژەتیرۆری پارتی، ئەو فڕۆکەخانەیە پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات، بەڵام لە 20-10-2023 چۆڵ کراوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7-10-2023، فڕۆکەخانەی ھەریرو بنکەی سەربازیی ھاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی ھەولێر چەندینجار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کراونەتە ئامانج.
بەردەوامیی هێرشەکان هاوکاتن لەگەڵ هۆشدارییە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ حکومەتی عێراق و میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران، سەرەتای ئەم مانگەش ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد هەمان پرسی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق تاوتوێ کرد.
بلینکن ڕایگەیاند "هۆشداری دەدەین بە میلیشیاكانی سەر بە ئێران، جەنگی غەزە نەقۆزنەوە بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانمان".
لە ڕۆژی 18-10-2023، بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" كە لە گرووپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران پێك دێت، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی لەژێر ناوی "پشتیوانی لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاند و دەستی بە هێرش بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا كرد.