پەرەگراف
جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆبونەوەى ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بەپێى ڕێکارەکانی دەستورى ناوخۆیی، خانەى ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرێت.
"لە پێکهاتەکەیدا ڕەچاوى کەسایەتییە سیاسییە دیار و بەئەزموونەکان و نوێنەرایەتى گەنجان و ئافرەتان بکرێت" جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان وادەڵێت.
دوای دەرچوونی ئەنجامی بەرایی ئەو هەڵبژاردنە، گۆڕان دانی بە شكستەكەیدا نا، داوای لێبوردنی لە جەماوەر كرد و بەڵێنیدا گۆڕانكاریی ڕیشەیی ئەنجام بدات، وەك هەنگاوی یەكەمی ئەو گۆڕانكارییە، 72 كاتژمێر دوای هەڵبژاردن
خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێكردنی بزووتنەوەکەیەو لە ڕێكخەری گشتیو 6 ئەندامی دیكە پێكدێت و لە جڤاتی نیشتیمانی بە دەنگدان ھەڵدەبژێردرێن، دوای شکستی گۆڕان لە ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵیان ڕاگەیاند، بەڵام بزووتنەوەکە نەیتوانی شوێنەکانیان پڕبکاتەوە.
ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان
ئەمڕۆ چوارشەمە (١٥ی ١١ی ٢٠٢٣)، جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوەى تەواوکارى خۆى ئەنجامدا و بڕیاردرا بەپێى ڕێکارەکانی دەستورى ناوخۆیی، خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت.
کارنامەى کۆبونەوەکە، تەواوکردنی تەوەرەکانى کۆبونەوەى رۆژى (٢١ی ١٠ی ٢٠٢٣)ی جڤات بو، کە تێیدا تاوتوێى پەرەسەندنە سیاسییەکانى هەرێم، عێراق و ناوچەکە و کاریگەرى ئەو هەلومەرجە سیاسییە لەسەر پڕۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان و ڕەنگدانەوەى لەسەر ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان کرا.
دۆخى سیاسى و ئیدارى و دارایی و یاسایی هەرێمى کوردستان و ئاڵنگارییەکانى بەردەم دامەزراوەکانی حکومڕانى، چارەسەرکردنى کێشە یاسایی و سیاسییەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ئیتحادى، بەتایبەت دۆزینەوەى ڕێگەچارەى گونجاو بۆ قەیرانى دارایی و باشکردنى بژێوى هاوڵاتیان و موچەى فەرمانبەران و مامۆستایان، لەگەڵ پێویستی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ نوێکردنەوەى ڕەوایەتى سیاسى و لابردنى ئاستەنگەکانى بەردەم دامەزراوە شەرعییەکان.
لەبارەى دۆخى ڕێکخراوەیی بزوتنەوەى گۆڕان و ئامادەکارییەکان بۆ خۆڕێکخستنەوە و قۆناغى نوێ، جڤاتى نیشتمانى بڕیاریدا، یەکەم: پڕۆسەى ئاشتەوایی و پێکەوەکارکردن لەگەڵ کارەکتەرانى دەرەوەى پەیکەرى رێکخراوەیی بزوتنەوەى گۆڕان بەردەوامى هەبێت و هەمووان بەیەکەوە شان بدەینە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتیەی لە ئەستۆمانە بۆ خزمەتى خەڵکى کوردستان. دووەم: بەپێى ڕێکارە دەستورییەکان خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت بۆ جێبەجێکردنى بڕیار و راسپاردەکانى جڤاتى نیشتیمانی و لە پێکهاتەکەیدا ڕەچاوى کەسایەتییە سیاسییە دیار و بەئەزموونەکان و نوێنەرایەتى گەنجان و ئافرەتان بکرێت. سێیەم: تەواوکردنى هەنگاوە کردارییەکان بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى و خۆئامادەکردن بۆ قۆناغى داهاتوو و ئەو ئەگەرە چاوەڕوانکراوانەى روبەڕومان دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا، جەختکرایەوە لە سەر جێبەجێکردنى ستراتیجى سیاسیی بزوتنەوەى گۆڕان، وەک بزوتنەوەیەکى جەماوەرى مەدەنى پشتئەستور بە هاوڵاتییان دور لە نەریتى بنەماڵە و تەوریسى سیاسیى؛ هەل بڕەخسێنێت بۆ هەر هاونیشتیمانییەک بەشداریی سیاسیی و نوێنەرایەتى داخوازى و کێشەکانى چین و توێژەکانى کۆمەڵگەى کوردستان بکات.
جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان
١٥ی ١١ی ٢٠٢٣