پەرەگراف
پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەوە، ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانە دوای لادانی محەمەد حەلبووسی لە سەرۆکی پەرلەمان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی.
مەندەلاوی لەبارەی سەرۆكایەتیكردنی دانیشتنەکە ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای ماددەی 35ی پەیڕەوی ناوخۆ سەرۆكایەتی دانیشتنەكە دەكات، كە تایبەتە بە ئامادەنەبوونی سەرۆكی پەرلەمان، هۆكاری ئەوەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دادگای فیدراڵی هێشتا بڕیارەکەی سەبارەت بە لادانی حەلبوسی نەناردووە بۆ پەرلەمان تا دانیشتنێك سازبكرێت بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ.
لە دانیشتنی ئەمڕۆدا 170 پەرلەمانتار ئامادەبوون، پەرلەمان دەنگیدا لەسەر دانانی سەرۆكی داواكاری گشتیو سەرۆكی دەستەی سەرپەرەشتیاری دادوەری، هەروەها خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پێشنیازە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان کرد کە 7ی كانونی دووەمی داهاتوو وادەی یاسایی کۆمسیۆنەکە تەواو دەبێت.
ئامانجی هەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیۆن، نوێكردنەوەی كاری كۆمسیۆنە بە مەبەستی لابردنی بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن لە عێراقو كوردستان، ئەوە لە كاتێكدایە بڕیارە کۆمسیۆنەکە رۆژی 18ی كانونی یەكەم سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانو رۆژی 25ی شوباتیش سەرپەرشتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكات.
هاوکات لەگەڵ دانیشتنەکەی پەرلەمان، سەرۆکی دوورخراوەی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دەستووری عێراقی بەرزکردەوەو وتی، بابەتەکە بابەتی محەمەد حەلبووسی نییەو پرسی دەوڵەتە، ئەوەی ڕوویدا پێشێلکردنی دەستوورە.
محەمەد حەلبووسی ئەوەشی خستەڕوو، دەستوور ئەو حاڵەتانەی دیاری کردووە کە بەهۆیانەوە کۆتایی بە ئەندامێتی لە پەرلەمان دێت، ئەوانیش بریتین لە؛ مردن، دەستلەکار کێشانەوە، ئەنجامدانی تاوانێک کە بڕیاری کۆتایی دادگای بۆ دەرکرابێت، نەخۆشییەک کە نەتوانێت لە کارەکەی بەردەوام بێت.
حەلبووسی وتیشی، دادگای فیدراڵی کە دەبێت پارێزەرو جێبەجیکاری دەستوور بێت خۆی پابەندی دەستوور نەبووەو ئەوەش هەنگاوێکی مەترسیدارە.
هەرلە كاردانەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پەرلەمان، حیزبی تەقەدوم كە حەلبووسی سەرۆكایەتیی دەكات، بڕیاری دا بە كشاندنەوەی هەر سێ وەزیرەكەی لە حكومەت.
حیزبەكەی حەلبووسی بڕیاریشی دا بە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی لە پۆستەكانی سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی لیژنەكانی پەرلەمان، هەروەها بایكۆتكردنی دانیشنەكانی پەرلەمانی عێراق لەلایەن سەرجەم پەرلەمانتارەكانیەوە.