پەرەگراف
دادگای باڵای بەریتانیا لەبارەی پلانی حكومەتی وڵاتەكەی بۆ ناردنی كۆچبەران بۆ ڕوواندا بڕیاری كۆتایی دا و بە "نایاسایی" لەقەڵەمی دا.
بڕیارەكە پاش دوو ڕۆژ لە دوورخستنەوەی سویلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دێت كە بەرگریكارێكی سەرسەختی پلانی ناردنی كۆچبەران بوون بۆ ڕوواندا، بەڵام دواجار هەڵوێستەكانی دژ بە كۆچبەران و دواتریش دژ وەستانەوەی بۆ خۆپیشاندانەكانی پاڵپشتی لە غەززە، بووە هۆی دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی.
ئەمڕۆ دادگای باڵای بەریتانیا لەبارەی پلانی ناردنی كۆچبەران بۆ ڕووندا كۆبووەوە و لە بڕیارەكەیدا هاتووە "دادگای باڵا بە كۆی دەنگ داواكاریی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ چاوخشاندنەوە بە بڕیاری تایبەت بە پلانی ڕوواندا ڕەت كردەوە و بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی دەربارەی نایاساییبوونی ئەم پلانە پەسەند كرد".
دوای ئەوەی دادگای تێهەڵچوونەوە بەریتانیا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا پلانی ناردنی كۆچبەران بۆ ڕوواندای بە "نایاسایی" دانا، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا داوای لە دادگای باڵای بەریتانیا كرد كە چاو بە بڕیارەكەدا بخشێنێتەوە، بەڵام ئەنجامەكەی دووبارە لە بەرژەوەندیی كۆچبەران شكایەوە.
دادگای باڵای بەریتانیا لە بڕیارەكەی ئەمڕۆیدا باسی لەوە كردەوە كە دادگا دڵنیا نییە لەوەی كۆچبەران لە ڕووانداوە بەرەو وڵاتی خۆیان ڕەوانە ناكرێنەوە، یان ناچار نابن كە ئەو كارە بكەن، پێیشی وایە لە ئەنجامی ئەوەدا ڕووبەڕووی "ئازار و مامەڵەی نامرۆڤانە" دەبنەوە.
ڕۆبەرت ڕید، سەرۆكی دادگای باڵای بەریتانیا، ڕایگەیاندووە "ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە ڕوواندا لە ئاستێكی نزمدایە"، بۆیە ناردنی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە بە شیاو نازانێت.
بەپێی پلانەكەی حكومەتی بەریتانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی كۆچبەران، هەر كەسێك لە 1ی كانوونی دووەمی 2022ـەوە بە نایاسایی چووبێتە ناو خاكی بەریتانیاوە، ڕەوانەی وڵاتی ڕوواندا دەكرێت، تا ئەو كاتەی كەیسەكەی یەكلایی دەكرێتەوە.
هەرچەندە حكومەتی بەریتانیا ڕێككەوتنێكی لەگەڵ وڵاتی ڕونادایش بۆ ئەو ەبەستە واژوو كردووە، بەڵام پلانەكە لەلایەن ڕێكخراوەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووند بووەتەوە و فشارەكان وایان كرد دواجار پرسەكە لە دادگا لە بەرژەوەندیی كۆچبەران بشكێتەوە.
بڕیاربوو لە مانگی حوزەیرانی 2022 یەكەم گەشتی ئاسمانیی ناردنی كۆچبەران بۆ ڕوواندا ئەنجام بدرێت، بەڵام بڕیارێكی دادگای باڵای مافەكانی مرۆڤی یەكێتیی ئەورووپا گەشتەكەی ڕاگرت، دوای ئەوەی دادگاكە ئەو بڕیارەی بە "پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ" لەقەڵەم دا.
سەرەڕای ڕەتكردنەوەی پلانەكەی حكومەتی بەریتانیا بۆ ناردنی كۆچبەران بۆ ڕواندا لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە، لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ، یاسای پەیوەست بە كۆچی نایاسایی پەسەند كرد.
بەپێی یاساكە، هەر كەسێك بە ڕێگەی نایاسایی و قاچاخ بچێتە ناو خاكی بەریتانیا، لە مافی پەنابەرێتی بێبەش دەكرێت و دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتووە.