حەلبووسی: دادگای فیدراڵی ڕۆڵی دەستووریی خۆی تێپەڕاندووە

15-11-2023 02:22

پەرەگراف

محەمەد حەلبووسی لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بە دورخستنەوەی لە پەرلەمان دەڵێت: دادگای فیدراڵی دەستوەردان لە هەموو شتێکدا دەکات کە لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی خۆیدایە و ڕۆڵی دەستووری خۆی تێپەڕاندووەو دەستووری پیشێل کردووە.

سەرۆکی دوورخراوەی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی، بابەتەکە بابەتی محەمەد حەلبووسی نییەو پرسی دەوڵەتە، ئەوەی ڕوویدا "پێشێلکردنی دەستوورە".

حەلبووسی ئەوەشی خستەڕوو، دەستوور ئەو حاڵەتانەی دیاری کردووە کە بەهۆیانەوە کۆتایی بە ئەندامێتی لە پەرلەمان دێت، ئەوانیش بریتین لە؛ مردن، دەستلەکار کێشانەوە، ئەنجامدانی تاوانێک کە بڕیاری کۆتایی دادگای بۆ دەرکرابێت، نەخۆشییەک کە نەتوانێت لە کارەکەی بەردەوام بێت.

"دادگای فیدراڵی کە دەبێت پارێزەرو جێبەجیکاری دەستوور بێت خۆی پابەندی نەبووەو بڕیارەکەی پێچەوانەی دەستوورە، ئەوەش مەترسیدارە" حەلبووسی وای وت.

هەرلە كاردانەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی لە پەرلەمان، حیزبی تەقەدوم كە حەلبووسی سەرۆكایەتیی دەكات، بڕیاری دا بە كشاندنەوەی وەزیرەكانی لە حكومەت و بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارەكانیەوە.

سەركردەكانی حیزبی تەقدوم و پەرلەمانتارەكانی، ئێوارەی دوێنێ پاش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، كۆبوونەوەیەكی بەپەلەیان ئەنجام دا و دواتر چوار بڕیاریان لە بەیاننامەیەكدا ڕاگەیاند.

حیزبەكە بڕیاری دا بایكۆتی كۆبوونەوەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بكات كە لە لایەنە پێكهێنەكانی حكومەت پێك دێت. هەروەها سێ‌ وەزیرەكەی (محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری پلاندانان و خالد بەتال، وەزیری پیشەسازی و ئەحمەد فەكاك، وەزیری ڕۆشنبیری) لە كابینە حكومییەكەی سوودانی بكشێنێتەوە.

حیزبەكەی حەلبووسی بڕیاریشی دا بە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی لە پۆستەكانی سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی لیژنەكانی پەرلەمان، هەروەها بایكۆتكردنی دانیشنەكانی پەرلەمانی عێراق لەلایەن سەرجەم پەرلەمانتارەكانیەوە.

حیزبی تەقەدوم دەڵێت "تووشی شۆك بووین بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و بە پێشێلكردنی ڕەهای دەستووری دەزانین، بڕیارەكە بە ئاشكرا بەئامانجگرتنی سیاسییە".

ڕۆژی سێشەممە 14-11-2023، بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان، لە ئەندامێتیی پەرلەمان دوور خرایەوە. دوورخستنەوەی حەلبووسی كە باڵاترین پۆستی سوننەكانی عێراقی هەیە، بەهۆی "ساختەكردنی نووسراوێك"ـەوەیە.

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق لە دژی حەلبووسی لە هەمان ڕۆژەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەكان پابەند بن پێیەوە و قابیلی تانەلێدان نییە.

كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمان، بەهۆی سكاڵایەكی لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بووە كە پێشتر لە حیزبی تەقەدومی حەلبووسی بووە و دوای ئەوەی حەلبووسی لە حیزبەكە دووری خستەوە، كێشە كەوتە نێوانیان و پاشان دلێمی پەردەی لەسەر كارێكی نایاسایی حەلبووسی لادا و لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر تۆمار كرد.

دلێمی لە سكاڵاكەیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، لە خولی پێشووی پەرلەمان كاتێك لەسەر حیزبەكەی حەلبووسی پەرلەمانتار بووە، سەرجەمیان نووسراوێكیان پێ واژوو كراوە دەربارەی دەستلەكاركێشانەوە لەسەر خواستی خۆیان و حەلبووسی ئەو نووسراوەی بەدەستەوە بووە تاوەكو هەر كاتێك ویستی، لە بەرامبەر پەرلەمانتاران بەكاری بهێنێت.

لەم خولەی پەرلەمان كە دلێمی لەسەر لیستێكی دیكە پەرلەمانتار بووە، حەلبووسی هەمان نووسراوی خولی پێشووی ئەو پەرلەمانتارەی بەكار هێناوە و بەو نووسراوە لە ئەندامێتیی ئەم خولەی پەرلەمان دووری خستووەتەوە، دادگاش ئەو كارەی بە ساختەكاری لەقەڵەم داوە.

دادگای فیدراڵیی كۆتایی بە ئەندامێتی لەیس دلێمیش هێنا لە پەرلەمان، دادگاكە وردەكاریی بڕیارەكانی بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام دلێمی دەڵێت، ئەوەی ئەو قبووڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەیە و ئەوەی حەلبووسیش بەهۆی ئەنجامدانی تاوانەوەیە.

دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، حەلبووسی دانیشتنی پەرلەمانی هەڵگرت و بینای پەرلەمانی بەجێهێشت.

بڕیارەكەی دادگا پێشهاتێكی نوێیە بۆ دۆخی عێراق بەتایبەت كە لە سەروبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندایە و حەلبووسی سەرۆكایەتیی حیزبی تەقەدوم دەكات بۆ هەڵبژاردنەكە.

محەمەد حەلبووسی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كە ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، براوەی یەكەمی سوننەكان و یەكێك لە براوە گەورەكانی هەڵبژاردن بوو لەسەر ئاستی عێراق.

حەلبووسی لە سەرەتای دانوستانی پێكهێنانی حكومەتەوە لەگەڵ بارزانی و موقتەدا سەدر هاوپەیمانێتیی پێكهێنا و لەو چوارچێوەیەدا بۆ جاری دووەم وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە، بەڵام دوای كشانەوە سەدر لە پەرلەمان، حەلبووسی چووە پاڵ‌ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی نوێدا جارێكی دیكە متمانەی پێدرایەوە و وەكوو سەرۆكی پەرلەمان لە پۆستەكەی مایەوە.