دەربارەی درێژكردنەوەی قەرزە 700 ملیار دینارییەكەی مووچە بۆ سێ مانگی دیكە، بەغدا وەڵامی هەرێمی داوەتەوە
پەرەگراف
بۆ ئەوەی بەغدا سێ مانگی دیكە قەرزی 700 ملیار دیناری بۆ مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "جگە لە ناردنی نامە، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەشم كردووە". وەكوو مەسروور بارزانی ئاشكرای دەكات، وەڵامی بەغدا ئەوە بووە كە "دەبێت لە مانگی 12دا جارێكی دیكە پاكتاوی دارایی بكرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە دابینی بكەن". سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەبین".
مەسروور بارزانی سەبارەت بە كۆبوونەوەیشی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت "كۆبوونەوەیەكی باشمان هەبوو. هەرچی ئەركی سەر حكومەتی هەرێم بووە جێبەجێ كراوە، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كە ئەوانیش ڕێز لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم بگرن و جێبەجێیان بكەن".
وەكوو حكومەتی هەرێم دەڵێت، لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق گەیشتوونەتە "تێگەیشتنی باش". شاندی عێراق وتوویانە "دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوابڕیار لەسەر پێشنیارەكان بدەین".
دەربارەی ئەو قەرزەی كە حكومەتی عێراق مانگانە بۆ مووچە دەیدات بە هەرێم، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "كاتی خۆی ئێمە داوامان كرد بۆ ماوەی شەش مانگی ئەمساڵ كە ماوە، مانگانە 800 ملیار دینار بنێرن، ئەوان بڕیاریان بە 700 ملیار بۆ ماوە سێ مانگ دا".