نێچیرڤان بارزانی: دەستپێكردنەوەی هەرچی زووتری ناردنەدەرەوەی نەوت بە گرنگ و پێویست دەزانم
پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانی "پشتگیری"ـی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت "دەستپێكردنەوەی هەرچی زووتری ناردنەدەرەوەی نەوت بە گرنگ و پێویست دەزانم".
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق كۆبوونەوە. سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "دوایین هەنگاو و ڕێكارەكان بۆ دەستپێكردنەوەی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە، تاوتوێ كران".
دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێم:
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 2023/11/13 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق و شاندێكی باڵای یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە دوو لە بەڕێزان جێگرانی وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت ئامادەی بوون، دوایین هەنگاو و ڕێكارەكان بۆ دەستپێكردنەوەی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە، تاوتوێ كران.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی جەختی لە پشتگیریی خۆی بۆ گفتوگۆ و هەنگاوەكانی حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دووبارە ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردەوه، هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە وەستانی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیانێكی گەورەی بە داهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بۆیە دەستپێكردنەوەی هەرچی زووتری ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كورستانی، بە گرنگ و پێویست زانی.
لای خۆیەوە بەڕێز وەزیری نەوتی عێراق، جەختی لە خواستی جددیی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و بەڕێز سەرۆك وەزیران ئەلسوودانی كردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دەسپێكردنەوەی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەروەها پوختەیەكی دەربارەی ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و ئەنجامی گفتوگۆكانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە، خستە ڕوو.