شەپۆلێكی بارانبارین بۆ هەرێمی كوردستان بەڕێوەیە

12-11-2023 06:11

پەرەگراف

كەشناسیی هەرێم پێشبینیی هاتنی شەپۆلێكی بارانبارین دەكات كە هەموو هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دەست پێ دەكات و له هەفتەی داهاتووش بەردەوام دەبێت.

كەشناسیی هەرێم دەڵێت "پێشبینی هاتنی كەشێكی ناسەقامگیر دەكرێت لە ماوەی ڕۆژانی ئایندە، كە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لەسەر ناوچەكەمان بەردەوام دەبێت".

بەپێی پێشبینییەكە، نزمەپاڵەپەستۆی لاوازی توركیا كاریگەرییەكەی لە "درەنگانی شەوی سێشەممە دەست پێ دەكات بۆ ڕۆژی چوارشەممە كاریگەری زیاد دەبێت و باران بارین بەشێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند بە هەورەتریشقەوە دەست پێ دەكات"

كەشناسیی هەرێم دەڵێت "لە سەرجەمی ناوچەكەمان باران دەبارێت و پلەكانی گەرما بە نزیكەی (4-6) پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە، لە ناوچە شاخاوییەكان ئاستی دابەزینی پلەكانی گەرما زیاتر دەبێت".

وەكوو كەشناسی پێشبیی كردووە، كاریگەریی ئەم شەپۆلە بە "دوو قۆناغ" دەبێت و دەڵێت "قۆناغی یەكەم تا ڕۆژی پێنجشەممە دەبێت، پاشان لە ڕۆژی هەینی لە كاتی نەگۆڕانی كەشەكە، قۆناغی دووەم دەست پێ دەكات". پێشبینیی دابارینیش لە قۆناغی دووەمدا "زیاتر دەبێت".

كەشناسیی هەرێم دەشڵێت "لەگەڵ نزیكبوونەوە لە هاتنی شەپۆلی دووەم، پێشبینی لەسەر ئاست و كاریگەریی ئەم شەپۆلە بڵاو دەكەینەوە".