قوتابیان و مامۆستایان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا؛ یەكێتیی مامۆستایان: هێشتا مەترسیی فەوتانی ساڵێكی خوێندن نییە
پەرەگراف
گردبوونەوە و خۆپیشاندانی قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی، مامۆستایانی وانەبێژ و مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی هاوكات بەڕێوە چوو. یەكێتیی مامۆستایانیش ڕەتی دەكاتەوە لە ئێستادا مەترسیی فەوتانی خوێندنی ئەمساڵ هەبێت، بەڵام نایشارێتەوە كە بەردەوامیی بایكۆت ئەو ئەگەرەش دەهێنێتە ئاراوە.
قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سلێمانی خۆپیشاندانێكی فراوانیان ئەنجام دا و نوێنەرانیان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی كۆبوونەوە.
قوتابیانی پۆلی 12 لە ڕێگەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانییەوە دوو داواكارییان ئاراستەی وەزیری پەروەردە كرد، یەكەم: دەستكاریكردنی ساڵنامەی خوێندن. دووەم: كەمكردنەوەی مەنهەجی خوێندن.
نوێنەری قوتابیانی پۆلی 12 دوای كۆبوونەوەكە وتی "بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بەڵێنی پێ داین كە ئێمە دەست بكەینەوە بە دەوام، هەردوو خاڵەكەمان بۆ جێبەجێ دەكەن، بەڵام پێی ڕاگەیاندین تا دەوام دەست پێ نەكرێتەوە، ناتوانین هیچتان بۆ بكەین".
نوێنەرانی قوتابیانی پۆلی 12 ڕایانگەیاند، بە شێوەیەكی كاتی خۆپیشاندان ڕادەگرن، ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكرێت، دەچنەوە سەر شەقام.
لە لایەكی دیكە ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی، ڕانیە، كەلار، قەڵادزێ، سەیدسادق، چەمچەماڵ، شارەزوور و كفری گردبوونەوەیان ئەنجام دا و جەختیان لە تاكە داواكاریی خۆیان كردەوە كە "دامەزراندن بە هەمیشەیی"یە.
مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی وتیان "وەزیری پەروەردە، هەتا كات بڕوات، دەیسەلمێنێت كە وەزیری تەنها ناوچەیەكی دیاریكراوە و بۆی گرنگ نییە كە نیوەی خوێندن لە كوردستاندا لە شكستدایە".
هەروەها مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی جەختیان لە بەردەوامیی بایكۆت كردەوە، سەرەڕای دەستپێكردنەوەی خوێندن لە زانكۆكە.
نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی وتی "لە هەندێك بەشە هەڕەشەی ئەوە كراوە كە ئەگەر مامۆستایەك نەگەڕێتەوە بۆ دەوام، وانەكەی دەدرێت بە كەسێكی دیكە و دەرماڵەی مەترسی و بڕوانامەیشی لێ دەبڕدرێت".
یەكێتیی مامۆستایان دەربارەی مەترسیی فەوتانی خوێندنی ئەمساڵ دەڵێت "لەو ناوچانەی كە خوێندن بایكۆت كراوە، مامۆستایان توانایان هەیە قەرەبووی خوێندن بكەنەوە و تا ئێستا مەترسی نییە".
بەڵام یەكێتییەكە نایشیشارێتەوە كە "ئەگەر بایكۆت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە ئەو شوێنانە خۆیان كۆتاییهاتنی خوێندن ڕابگەیەنن، نەك لایەنێك لە دەرەوە بێت كۆتایی پێ بهێنێت". ڕەتیشی دەكاتەوە كە بڕیاری فەوتای ساڵێكی خوێندن لە دەستی ڕێكخراوی یونسێفدا بێت و دەڵێت "یونسێف تەنیا ڕاسپاردە دەردەكات و بڕیار لەسەر پەكخستنی خوێندن لە هیچ شوێنێك نادات".