مەسروور بارزانی و وەزیری نەوتی عێراق لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت كۆبوونەوە

12-11-2023 02:14

پەرەگراف

مەسروور بارزانی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق كۆبووەوە و دەڵێت "ئامادەیی هەرێمی كوردستانمان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دووپات كردەوە".

لە كۆبوونوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی "ڕێكار و هەنگاوەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان" كراوە.

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێویستی بە "لەیەكتێگەیشتنێكی هاوبەش" هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە چارەسەر بۆ "خەرجی شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم" بدۆزرێتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوی مەسروور بارزانی لەسەر كۆبوونەوەكە:

ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێزان حەییان عەبدولغەنی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێكی یاوەری كە لە بریكاری و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای (سۆمۆ) پێكهاتبوو كۆبووینەوە.

بیروڕامان لەبارەی ڕێكار و هەنگاوەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرد.

ئامادەیی هەرێمی كوردستانمان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دووپات كردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەكایەی لەیەكتێگەیشتنێكی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستییە دارایی و تەكنیكییەكانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەكان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەكانی سەرجەم لایەنەكان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەركردنی خەرجی شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم كە لە ناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانكراویی پێویستی بۆ دانراوە.

ئاماژەمان بەوە دا كە وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم ، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین كاتدا، هەناردەكردن دەست پێ بكاتەوە . لەمبارەیەوە وەزیری سەرچاوە سروشتییەكانی هەرێممان ڕاسپارد كە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بكەن كە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێك لە هەولێر بمێننەوە.

بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، خواستی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی بەڕێز سەرۆك وەزیران و حكومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگای دستەبەركردنی زەمینەیەكی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەكانی بەردەم پرۆسەكە.

لە كۆتاییدا بڕیارماندا كە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەكان لەسەر وردەكارییە قانونی و دارایی و تەكنیكیەكان بدەن تاكوو بە لەیەكتێگەیشتنێكی هاوبەشەوە، چارەسەرەكان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین كاتدا، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە كە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە زیادكردنی سەرچاوەی داهاتیی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و خەرجكردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتیی دەبێت.