مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی: هەوڵی فراوانکردنی ناڕەزاییەکان دەدەین

11-11-2023 01:14
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئەمڕۆی ئەنجوومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی

پەرەگراف

مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی زانکۆی سلێمانی جەخت لە بەردەوامیی بایکۆت و دەربڕینی ناڕەزایی دەکەنەوە لەپێناو مووچەکانیان، تا وەڵام دەدرێنەوەو داواکانیان جێبەجێ دەکرێت.

"بەردەوام دەبین و هەوڵی فراوانکردنی ناڕەزاییەکان دەدەین. سبەینێش لە بەردەم کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەنجام دەدەین"، ئەنجوومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند.

ئەنجوومەنەکە داواش لە چین و توێژەکانی دیکە دەکات پێکەوە کار بکەن و داواکارییەکانیان فراوانتر بکەن.

ئەنجوومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، دەسەڵات بە كردەوە و میكانیزمی جیاواز كاری لەسەر كۆتاییپێهێنانی ناڕەزایەتییەكان كردووە، بەڵام شكستی هێناوە".

لە ناوەڕاستی مانگی ١١ نزیک دەبینەوەو هێشتا دیارنییە کەی مووچەی مانگی ٩ و ١٠ دابەش دەکرێت. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حكومەت و وەزارەتی پەروەردە، هیچ ئەگەرێك بۆ جێبەجێكردنی داواكارییە سەرەكییەكانی مامۆستایان لەئارادا نییە، هەرێم بۆ چارەسەری كێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا لە دانوستاندایە و ئەوەش كاتی پێویستە.

دوو مانگە پرۆسەی خوێندن دەستی پێ‌ كردووە، دەیان هەزار مامۆستا و ‏فەرمانبەر لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ‏ڕاپەڕین و گەرمیان بایكۆتیان كردووە، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت ‏‏"چارەنووسی خوێندنی نزیكەی 700 هەزار قوتابی لە مەترسیدایە".‏

دەربارەی چارەنووسی خوێندن لە ناوچەكانی بایكۆت، سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، پێشتر بە پەرەگرافی وت "هیچ بڕیارێك لە وەزارەتی پەروەردەوە نییە و هەرچی هەبێت بە فەرمی ڕادەگەیەنین".

ئەگەرچی مامۆستایانی ناڕازی ڕەتی دەكەنەوە مەترسیی فەوتانی خوێندنی ئەمساڵی خوێندكاران لە ناوچەكانی بایكۆت هەبێت و ئاماژە بەوە دەكەن كە لە كاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایشدا خوێندن دواكەوتووە و ساڵی خوێندن نەفەوتاوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە پێی وایە "دۆخی خوێندن لەو ناوچانە لە مەترسیدایە".