پەرەگراف
"تەحەدی و مەترسییەكان" كە دیارترینیان هێرشی گرووپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێرانە بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا، ئەمشەو سوودانیی بە سەردانێكی لەناكاو گەیاندە هەولێر. لە گەرمەی كۆبوونەوەكانی سوودانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، فڕۆكەخانەی هەریر كرایە ئامانج و ئاگرێكی گەورە كەوتەوە.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەمشەو بە سەردانێكی لەناكاو هاتە هەولێر و لە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە پێشوازیی لێ كرا. دواتر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی هەموو لایەنەكانی كۆبوونەوەكان، "پێشهاتە ئەمنییەكان"ـی ناوچەكە تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكان بووە، لەپاڵیدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدایش كراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە كۆبوونەوەی سوودانی و بارزانیدا گفتوگۆ كراوە دەربارەی "ئەو تەحەدی و مەترسییانەی سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە دەكەنە ئامانج". هەروەها "گرژی و ڕووداوەكانی ناوچەكە و نەهامەتی و ئازارەكانی گەلی فەڵەستین و چۆنیەتیی گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بۆ غەززە" تیشكیان خراوەتە سەر.
هاوكات بارزانی و سوودانی لەبارەی "بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێم ئاڵوگۆڕ كرا" بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كردووە.
دەربارەی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و محەمەد شیاع سوودانییش، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت "هەردوولا دۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی وڵات و پەیوەندییەكانی هەولێر - بەغدایان تاوتوێ كرد".
هەروەها بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سوودانی لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، گفتوگۆی دەربارەی ژمارەیەك پرس كردووە كە "دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی ناوچەكە و ڕووداوە كارەساتبارەكانی كەرتی غەززە" تەوەرێكی سەرەكی بووەوە، هەروەها جەخت لە "جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت" كراوەتەوە.
هاتنی سوودانی بۆ هەرێم، پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی گرووپە چەكدارییە شیعەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەرێم دێت.
لە كاتێكدا سوودانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لە كۆبوونەوەدا بوو، گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران، بنكەی ئەمریكایان لە فڕۆكەخانەی هەریر لە هەولێر كردە ئامانج و ئاگرێكی گەورە كەوتەوە.
دوای هێرشەكە، بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند "موجاهیدەكانمان بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بنكەی ئەمریكایان لە فڕۆكەخانەی هەریر بەئامانج گرت. ڕاستەوخۆ ئامانجەكانیان پێكا".
ھاوكات دژەتیرۆری پارتی لەبارەی ھێرشەكەوە ڕایگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە كاتژمێر 19:15، لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كرایە سەر فڕۆكەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر، بەهۆی هێرشەكەوە ئاگر لە كۆگای سووتەمەنیی بنكەكە كەوتووەتەوە".
دژەتیرۆری پارتی دەڵێت "فڕۆكەخانەی هەریر پێشتر وەك بنكەیەكی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەكار دەهات، بەڵام لە 20-10-2023 چۆڵ كراوە".
هۆشدارییەكانی ئەمریكا نەیتوانیوە هێرشی ئەو گرووپە چەكدارییانە بۆ سەر بنكەكانی لە عێراق و سووریا ڕابگرێت. بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز)یش، هەوڵەكانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆ كۆتاییهێنان بە هێرشەكانی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا، شكستیان هێناوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 9-11-2023، ڕۆیتەرز ئاشكرای كرد كە سوودانی و 10 بەرپرسی حكومەتەكەی ڕۆژی 23-10-203 لەگەڵ فەرماندەی نزیكەی 10 گرووپی چەكداریی شیعە كۆبووەتەوە و داوای لێ كردوون هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا ڕابگرن.
حەوت سەرچاوەی ئاگادار و بەشدار لە كۆبوونەوەكە بە ڕۆیتەرزیان وتووە "فەرماندەی ئەو گرووپانە گوێیان لە ئاستی داواكارییەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراقدا كەڕ بووە و زۆربەیان بەڵێنیان دا بەردەوام بن لە هێرشەكان".
گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران جەختیان كردووەتەوە "تا ئیسرائیل گەمارۆ و بۆمببارانی سەر غەززە ڕانەگرێت، ئەوانیش هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا ڕاناگرن".
بەردەوامیی هێرشەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا، پاش ئەوە دێت كە هەفتەی ڕابردوو ئەنتۆنیۆ بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، كۆبووەوە. ڕۆژی دواتریش سوودانی سەردانی تارانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران گفتوگۆی دەربارەی شەڕی غەززە كرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە بەغدا بە هێلەگێكی گوللـەنەبڕەوە دەركەوت و وتی "گفتوگۆیەكی باش و زۆر ڕاشكاوم لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام دا. سوودانی ئیدانەی هێرشەكانی سەر سوپای ئەمریكای كرد".
بلینكن وتیشی "هۆشداری دەدەین بە میلیشیاكانی سەر بە ئێران، جەنگی غەزە نەقۆزنەوە بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانمان".
بەڵام لە دوای چەندین هۆشداریی بەرپرسانی ئەمریكا، گرووپە چەكدارییەكان بەردەوامن لە كردنە ئامانجی بنكەكانی ئەمریكا و شەوی ڕبردوو "بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان" بنكەی (هەریر)یان كردە ئامانج، دوو ڕۆژ لەمەوبەریش بە سێ درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشیان كردە سەر بنكەی هاوپەیمانان لە فڕۆكەخانەی هەولێر، كە دوو درۆنیان لە ئاسماندا تەقێندرانەوە و یەكێكی دیكەش بە نەتەقیوی كەوتە خوارەوە.
گرووپە چەكدارییە شیعەكان كە خۆیان لەژێر ناوی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" ڕێكخستووە، لە ڕۆژی 18-10-2023 لەژێر ناوی "پشتیوانی لە تۆفانی ئەقسا"، ئۆپەراسیۆنێكیان ڕاگەیاند.
ئەو گرووپانە لەو كاتەوە دەیان هێرشیان بە "درۆن و مووشەك" بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و سووریا ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام داوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بڵاوی كردەوە، لە ١٧ی ئۆكتۆبەرەوە ٣٨ ھێرش كراوەتە سەر ھێزەكانیان لە عێراق و سووریا و 45 سەرباز و كارمەندیان "بە سووكی" بریندار بوون.