پەرەگراف
ئەمشەو دەنگی تەقینەوەیەک لەناو فڕۆکەخانەی هەریر لە ھەولێر بیسترا دواتر ئاگرێکی گەورە لەناو فڕۆکەخانەکە کەوتەوە، دژەتیرۆری پارتی دەڵێت: فڕۆکەخانەکە پێشتر بنکەی ھاوپەیمانان بووەو سێ ھەفتەیە چۆڵکراوە.
دوای هێرشەکە، بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند "موجاهیدەکانمان بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەی ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی هەریر بەئامانج گرت. ڕاستەوخۆ ئامانجەکانیان پێکا".
ھاوکات دژەتیرۆری پارتی لەبارەی ھێرشەکەوە ڕایگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 19:15، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر کە پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات، بەڵام لە 20-10-2023 چۆڵ کراوە، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە کۆگەی سووتەمەنیی بنکەکە کەوتووەتەوە".
ئەو ھێرشە لەکاتێکدایە دوێنێ شەویش بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر ھەمان فڕۆکەخانە.
دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو لە کاتژمێر 23:30 و کاتژمێر 00:40، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر".
"بەگوێرەی زانیارییەکان، هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە" دژەتیرۆر وادەڵێت.
دوو ڕۆژ لەمەوبەریش بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایەسەر بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر، دوو درۆنیان لە ئاسماندا تەقێندرانەوەو یەکێکی دیکەش بەنەتەقیوی کەوتە خوارەوە.
بەردەوامیی هێرشەکان هاوکاتن لەگەڵ هۆشدارییە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ حکومەتی عێراق و میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران، چوار ڕۆژ لەمەوبەر ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد هەمان پرسی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق تاوتوێ کرد.
بلینکن ڕایگەیاند "هۆشداری دەدەین بە میلیشیاكانی سەر بە ئێران، جەنگی غەزە نەقۆزنەوە بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانمان".
لە ڕۆژی 18-10-2023، بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" كە لە گرووپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران پێك دێت، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی لەژێر ناوی "پشتیوانی لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاند و دەستی بە هێرش بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا كرد.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لە ١٧ی ئۆکتۆبەرەوە ٣٨ ھێرش کراوەتەسەر ھێزەکانیان لە عێراق و سووریاو 45 سەرباز و کارمەندیان "بەسووکی" بریندار بوون.
ئەو هێرشانە كە بە "مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان" ئەنجام دراون، زۆرترینیان بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق بووە.