گرووپە چەكدارییەكان گوێ لە سوودانی ناگرن؛ بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی سەر بنكەكانی ئەمریكا مەرجیان هەیە
پەرەگراف
هەوڵەكانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆ كۆتاییهێنان بە هێرشەكانی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا، شكستیان هێناوە. گرووپە چەكدارییەكان گوێ بە هۆشدارییەكانی ئەمریكایش نادەن و مەرجیان هەیە، بەڵێنیشیان داوە "لە هێرشەكان بەردەوام بن".
بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، سوودانی و 10 بەرپرسی حكومەتەكەی ڕۆژی 23-10-203 لەگەڵ فەرماندەی نزیكەی 10 گرووپی چەكداریی شیعە كۆبووەتەوە و داوای لێ كردوون هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا ڕابگرن.
حەوت سەرچاوەی ئاگادار و بەشدار لە كۆبوونەوەكە بە ڕۆیتەرزیان وتووە "فەرماندەی ئەو گرووپانە گوێیان لە ئاستی داواكارییەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراقدا كەڕ بووە و زۆربەیان بەڵێنیان دا بەردەوام بن لە هێرشەكان".
گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران جەختیان كردووەتەوە "تا ئیسرائیل گەمارۆ و بۆمببارانی سەر غەززە ڕانەگرێت، ئەوانیش هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا ڕاناگرن".
بەردەوامیی هێرشەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا، پاش ئەوە دێت كە هەفتەی ڕابردوو ئەنتۆنیۆ بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، كۆبووەوە. ڕۆژی دواتریش سوودانی سەردانی تارانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران گفتوگۆی دەربارەی شەڕی غەززە كرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە بەغدا بە هێلەگێكی گوللـەنەبڕەوە دەركەوت و وتی "گفتوگۆیەكی باش و زۆر ڕاشكاوم لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام دا. سوودانی ئیدانەی هێرشەكانی سەر سوپای ئەمریكای كرد".
بلینكن وتیشی "هۆشداری دەدەین بە میلیشیاكانی سەر بە ئێران، جەنگی غەزە نەقۆزنەوە بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانمان".
بەڵام لە دوای چەندین هۆشداریی بەرپرسانی ئەمریكا، گرپووپە چەكدارییەكان بەردەوامن لە كردنە ئامانجی بنكەكانی ئەمریكا و نوێترین هێرشیان بۆ سەر بنكەی ئەمریكا لە هەولێر بووە.
كاتژمێر 11:30 خولەكی شەوی ڕابردوو دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی هەریر بیسترا كە هێزەكانی ئەمریكای لێیە. دواتر بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند "موجاهیدەكانمان بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بنكەی (هەریر)ـی ئەمریكایان لە باكووری عێراق كردە ئامانج و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ئامانجەكانی خۆیان پێكا".
ئەمڕۆ دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو لە كاتژمێر 23:30 و كاتژمێر 00:40، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كرایە سەر بنكەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆكەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر و هیچ زیانێكی گیانی و ماددیی لێ نەكەوتووەتەوە".
گرووپە چەكدارییە شیعەكان كە خۆیان لەژێر ناوی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" ڕێكخستووە، لە ڕۆژی 18-10-2023 لەژێر ناوی "پشتیوانی لە تۆفانی ئەقسا"، ئۆپەراسیۆنێكیان ڕاگەیاند.
ئەو گرووپانە لەو كاتەوە دەیان هێرشیان بە "درۆن و مووشەك" بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و سووریا ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام داوە.
ئەمریكا تا ئێستا ئەنجامدانی "38" هێرش و برینداربوونی "45" سەربازی خۆی "بە سووكی" لەو هێرشانەدا ڕاگەیاندووە.
ئێران ڕەتی دەكاتەوە ئەو گرووپانەی بۆ هێرش كردنە سەر بەرژەوەنییەكانی ئەمریكا هان دابێت و دەڵێت "بەرەنگاریی ئیسلامی خۆی بڕیار دەدات".