پەرەگراف
هاتووچۆی هەولێر هۆشداریی بە شۆفێران دەدات کە ١٠ ڕۆژ مۆڵەتیان هەیە بۆ چاککردنی دوکەڵی ئۆتۆمبێلەکانیان، بە پێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
فازڵ حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، بە مەبەستی پاک ڕاگرتنی ژینگەی شارو دابینکردنی مەرجەکانی توندوتۆڵی لە ئۆتۆمبێلەکان بە گشتی و بارهەڵگرەکان بەتایبەتی، "سەرجەم شوفێران و خاوەنی ئۆتۆمبێلە بەڕێزەکان ئاگاداردەکەینەوە، کەوا نابێت ئۆتۆمبێلەکانیان دوکەڵ بکەن و گازی ژەهراوی دەر بکەن".
"لەسەریانە لە ئەمڕۆ ٩-١١-٢٠٢٣ تا ڕۆژی ٢٠-١١-٢٠٢٣ ئۆتۆمبێلەکانیان چاکبکەنەوە، لەگەڵ تەواوبونی ئەو ماوەیە هەر ئۆتۆمبێلێک لەسەر ڕێگاوبانەکان ببینرێت و دوکەڵ بکات و گازی ژەهراوی دەربکات، ڕاستەوخۆ لەلایەن مەفرەزەکانی هاتووچۆ و ئەفسەرو کارمەندانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، خاوەنەکەی ناچار دەکرێت بە چاکردنەوەی، بەپێچەوانەوە ئۆتۆمبێلەکە لە گەراجی دەستبەسەرداگرتن دەمێنێتەوە تاوەکو چاکی دەکاتەوە" وتەبێژەکەی هاتووچۆی هەولێر وادەڵێت.
بەپێی هۆشداریی ڕێكخراوە ژینگەییەكان، زۆریی ئۆتۆمبێل و دوکەڵکردن و دەردانی گازی ژەهراویی، لە هۆکارەکانن بۆ خێراتركردنی پڕۆسەی پیسبونی ژینگە و كەشوهەوای هەرێمی كوردستان، ئەوەش لە غیابی پڕۆژەكانی چاككردن و خزمەتگوزاریی ژینگەییدایە.