ڕاوێژكارێكی سوودانی: حكومەتی هەرێم پێشنیازی ڕاستەوخۆ دابەشكردنی مووچەی لەلایەن بەغداوە ڕەت كردووەتەوە
پەرەگراف
ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت "حكومەتی عێراق پێشنیازی كردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دابەش بكرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم ڕەتی كردووەتەوە".
سەبهان مەلا جیاد، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی (ئەولا)ـی عێراق دەڵێت "ئێمە هیوادارین مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغدادەوە دابەش بكرێت، ئەو پێشنیازەشمان بۆ برایانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام حكومەتی هەرێم ڕەتی كردەوە".
دەربارەی داواكاریی خۆپیشاندەرانی هەرێم كە داوا دەكەن مووچەكانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دابەش بكرێت، سەبهان مەلا جیاد دووپاتی كردەوە "بە حكومەتی هەرێممان وت: با وەزارەتی دارایی عێراق بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم بكات و هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەیان پێ بدات، پێیان وتین: دابەشكردنی مووچە كاری حكومەتی هەرێمە، پارەمان پێ بدەن، ئێمە خۆمان دابەشی دەكەین".
ئەو ڕاوێژكارەی سوودانی كێشەی مووچەیشی بە "كێشەیەكی ناوخۆی هەرێم" ناو برد.
هەر دەربارەی كێشەی مووچە، مەسروور بارزانی دوو نامەی بۆ محەمەد شیاع سوودانی ناردووە، لە نامەی یەكەمدا داوای كردووە مووچەی سێ مانگ لە بەغداوە ڕەوانە بكرێت.
نامەی دووەمیش تایبەتە بە هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و بۆ چوونی هەرێمی كوردستانی تێدا خراوەتە ڕوو، بە مەبەستی جیاكردنەوەی پارەی مووچەی مووچەخۆران لە كێشە و ململانێكانی دیكە.
ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی ئەو دوو نامەیەی ئاشكرا كرد و وتی "سەرۆكوەزیرانی ئیتیحادی هەموو كاتێك بەدەم دواكارییەكانی خەڵكی كوردستانەوە هاتووە، ئومێد دەكەین ئەم سێ مانگەش بە ئالییەتی قەرز یان هەر ئالییەتێكی تر بێت پارە لە كاتی خۆیدا بگاتە هەرێمی كوردستان بۆ گرەنتیكردنی مووچەی مووچەخۆران و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەبارەوە بدرێت".