ڕێكخراوی ستۆپ: داهاتی نانەوتیی سێ‌ پارێزگاكەی هەرێم هێندەی 81%ی داهاتی 15 پارێزگاكەی عێراقە

08-11-2023 05:30

پەرەگراف

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی ستۆپ، داهاتی نانەوتیی پارێزگاكانی هەرێم زۆر لە پارێزگاكانی عێراق زیاترە، بە جۆرێك داهاتی سێ‌ پارێزگاكەی هەرێم هێندەی 81%ی داهاتی 15 پارێزگاكەی عێراقە. ڕێكخراوەكە داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات "پێداچوونەوە بە بڕیارەكانی وەرگرتنی باج و ڕسومات"دا بكات، بەوپێیەی باج و ڕسوومات لەسەر هاووڵاتیان زیاد كراوە و "كاریگەریی لەسەر گوزەرانیان دروست كردووە.

ڕێكخراوی ستۆپ، هەشتەمین ڕاپۆرتی لە چوارچێوەی "پرۆژەی بەهێزكردنی لێپرسینەوەی دەسەڵاتی یاسا لە هەرێمی كوردستان"، تایبەت بە "بەهێزكردنی بنەماكانی شەفافیەت و دادپەروەی لە كۆكردنەوەی داهات" بڵاو كردەوە.

ڕێكخراوەكە ەڵێت "حكومەتی هەرێم لە دوای ساڵی 2016ـەوە كۆمەڵێك ڕێكاری نوێی تایبەت بە كۆكردنەوەی باج و ڕسوومات و كرێ‌ و سزاكان گرتە بەر، كە خۆی لە توندكردنەوەی باج و ڕسوومات و زیادكردنی سزاكاندا دەبینییەوە، لەو چوارچێوەیەشدا 34 ڕێنمایی و بڕیاری دەركردووە".

بەپێی ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی ستۆپ، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2023دا "داهاتی نانەوتیی حكومەتی فیدراڵی لە 15 پارێزگادا، دوو ترلیۆن و 563 ملیار دیناربووە، هەمان داهاتی حكومەتی هەرێم لە سێ‌ پارێزگادا، دوو ترلیۆن و 74 ملیار دینار بووە، بەوپێیەش داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان 81%ی داهاتی 15 پارێزگاكەی عێراق بووە".

هەروەها ڕێكخراوەكە بەراوردی داهاتی گومرگیی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی كردووە و دەڵێت "داهاتی گومرگیی مانگانەی حكومەتی فیدراڵ بە 120 ملیار دینار خەمڵێندراوە، لە كۆی ساڵێكدا یەك ترلیۆن و 500 ملیار دینار بووە، داهاتی گومرگیی حكومەتی هەرێم مانگانە بە 140 بۆ 150 ملیار دینار خەمڵێندراوە، لە ساڵێكدا یەك ترلیۆن و 680 ملیار دینار بووە".

ڕێكخراوی ستۆپ لە ڕاسپاردەكانی ناو ڕاپۆرتەكەیدا جەخت دەكاتەوە كە "پێویستە حكومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە بڕیارەكانی وەرگرتنی باج و ڕسوماتدا بكات، چونكە كاریگەریی لەسەر بژێوی و ژیانی هاووڵاتیان هەبووە و ناهاوسەنگیی هەیە لەگەڵ 15 پارێزگاكەی عێراقدا".