کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25ی شوباتدا

08-11-2023 01:54

پەرەگراف

شاندێکی حکومەتی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کۆبوونەوەو پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێ کرد، کۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە وادەی دیاریکراودا کە ٢٥ی شوباتی داهاتووە.

ئومێد سەباح، سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێم، دەڵێت، بە فەرمی بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان گوت کە پەیامی حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بە سوپاسەوە ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

"ئێمە متمانەمان بە رێکارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەکاتی دیاریکراوی خۆی ئەنجام بدرێت، هەنگاوی باش نراوە خشتەیەکی باشیان داناوە، باس لە رێکارەکانی دیکەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەین، هەروەها باسمان لە پێداویستییە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن کرد کە ئەوەی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دابینی بکات" ئومێد سەباح وای وت.

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی شاندی هەرێم و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوەو فشاری ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پڕۆسەکە ئەنجام نەدرا.

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆپەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.