پەرەگراف
پارتی و یەکێتی دوای ماوەیەک دابڕان و گرژیی نێوانیان، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی باڵایان ئەنجامدا بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆکی پارتی، هەردوولا دەڵێن، پشتیوانی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن بۆ دابینکردنی مووچە.
دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان باش بووەو بەردەوام دەبێت بۆئەوەی هەردوو حیزب بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر کێشەکان.
سەرۆکی هەرێم دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وتی "هیوادارین لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت" ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام هێشتا ئەنجامدانی پڕۆسەکە لەو وادەیەدا مسۆگەر نییە.
ڕاگهیاندراوی كۆبوونهوهی هاوبهشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان
ئهمڕۆ، سێشەممە ٧ی ١١ی 2023، له بارهگای مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له پیرمام، كۆبوونهوهی هاوبهشی نێوان یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئهنجامدرا.
لهكۆبوونهوهكهدا بارودۆخی هەرێمى کوردستان و عێراق بەتایبەتى و، ڕەوشى هەستیارى ناوچەکە بە گشتى گفتوگۆیان له بارهوه كرا.
ههردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگى و پێکەوەکارکردن و، پێویستى كۆكردنهوهی هێز و تواناى سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ پاراستنی قهوارهی ههرێمی كوردستان و، داڕشتنى ستراتیژیەتێکى هاوبەش کە گونجاوبێت لەگەڵ ڕەوتى ڕوداو و گۆڕانکارییەکانى قۆناغهكه و، ڕوبەڕووبوونەوەى ئاڵنگاریەکان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنى خاڵە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنى گیر و گرفتەکان بە ئاراستەى بەرژەوەندییە نەتەوەیى و نیشتیمانییەکانى کورستان.
له تهوهرێكی دیكهی كۆبوونهوهكهدا، جهخت له پاڵپشتیكردنی هەنگاوەکانى حكومهتی ههرێمی كوردستان کرایەوە بۆ دابینكردنی شایسته داراییهكان و مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى دەستوورى هەمیشەى عێراقدا.
لە کۆتاییدا، بڕیاردرا کۆبوونەوەکان بەردەوامیان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئالیەتێکى گونجاو دیاریکرا. شایەنى ئاماژەیە کۆبوونەوەکە لە کەشێکى ئارام و ئیجابیدا بەڕێوەچوو.
یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان