بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو ھێرش کرایەسەر بنکەی ھاوپەیمانان لە ھەولێر

07-11-2023 11:52

پەرەگراف

دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتەسەر بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر، درۆنەکانی تەقێندراونەتەوەو هێرشەکە بێزیان بووە.

"بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2023، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە ئاسماندا تەقێندرانەوە" دژەتیرۆر وادەڵێت.

دەشڵێت "بەیانیی ئەمڕۆ لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر هەمان شوێن، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بەنەتەقیوی کەوتە خوارەوە".

بەردەوامیی هێرشەکان هاوکاتن لەگەڵ هۆشدارییە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ حکومەتی عێراق و میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران، دوو ڕۆژ لەمەوبەریش ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد هەمان پرسی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق تاوتوێ کرد.

بلینکن ڕایگەیاند "هۆشداری دەدەین بە میلیشیاكانی سەر بە ئێران، جەنگی غەزە نەقۆزنەوە بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانمان".

لە ڕۆژی 18-10-2023، بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" كە لە گرووپە ‏چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران پێك دێت، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی لەژێر ناوی ‏‏"پشتیوانی لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاند و دەستی بە هێرش بۆ سەر بنكە ‏سەربازییەكانی ئەمریكا كرد.‏

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دوێنێ بڵاویکردەوە، لە ١٧ی ئۆکتۆبەرەوە ٣٨ ھێرش کراوەتەسەر ھێزەکانیان لە عێراق و سووریاو 45 سەرباز و کارمەندیان "بەسووکی" بریندار بوون.

ئەو هێرشانە كە بە "مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان" ئەنجام دراون، زۆرترینیان بۆ ‏سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق بووە.