خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستاو فەرمانبەران بۆ مووچە بەردەوامە

07-11-2023 11:26
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی.

پەرەگرف

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و ‏هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین چوارەمین خۆپیشاندانی ‏بەرفراوانیان ئەنجام دا. دەڵێن "پەیمانی بایكۆت و ناڕەزایەتییەكان نوێ‌ ‏دەكەینەوە".‏

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی پێنج داواكارییان وەكوو مەرجی ‏شكاندنی بایكۆت خستە ڕوو و دەڵێن "هەرگیز سازش لەسەر ماف و ‏داواكارییەكانمان ناكەین".‏

‏56 ڕۆژە پرۆسەی خوێندن دەستی پێ‌ كردووە، دەیان هەزار مامۆستا و ‏فەرمانبەر لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ‏ڕاپەڕین و گەرمیان بایكۆتیان كردووە، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت ‏‏"چارەنووسی خوێندنی نزیكەی 700 هەزار قوتابی لە مەترسیدایە".‏

داواكارییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی:‏

‏1- دابەشكردنی مووچەكانمان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی ‏دارایی عێراقەوە.‏
‏2- دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.‏
‏3- دامەزراندنی مامۆستاسانی وانەبێژ.‏
‏4- دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی 9 و 10 و ڕێككردنەوەی دابەشكردنی ‏مووچەی مانگانە لە كاتی خۆیدا.‏
‏5- دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان.‏

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حكومەت و وەزارەتی پەروەردە، هیچ ئەگەرێك بۆ جێبەجێكردنی داواكارییە سەرەكییەكانی مامۆستایان لەئارادا نییە، هەرێم بۆ چارەسەری كێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا لە دانوستاندایە و ئەوەش كاتی پێویستە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئامادەش نییە هیچ بڕیارێك لەسەر دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بدات، ئەوەش ئەگەری درێژەكێشانی بایكۆت زیاتر دەكات.

دەربارەی چارەنووسی خوێندن لە ناوچەكانی بایكۆت، سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە پەرەگرافی وت "هیچ بڕیارێك لە وەزارەتی پەروەردەوە نییە و هەرچی هەبێت بە فەرمی ڕادەگەیەنین".

ئەگەرچی مامۆستایانی ناڕازی ڕەتی دەكەنەوە مەترسیی فەوتانی خوێندنی ئەمساڵی خوێندكاران لە ناوچەكانی بایكۆت هەبێت و ئاماژە بەوە دەكەن كە لە كاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایشدا خوێندن دواكەوتووە و ساڵی خوێندن نەفەوتاوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە پێی وایە "دۆخی خوێندن لەو ناوچانە لە مەترسیدایە".