سامانە سروشتییەکان: داناگاز بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێک بگوازێتەوە
پەرەگراف
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر ھەناردەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ کەرکوک ھاتەدەنگ و دەڵێت: داناگاز بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە.
"سەبارەت بە دەنگۆی تەواوكردنی راكێشانی بۆرییەكی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر؛ بە پێویستی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بدەین، بۆ ئەوەی بابەتەكە بە هەڵە لە ڕاگەیاندنەكانەوە باس نەكرێت. تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە و، بەپێی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز بەهیچ شێوەیەك كۆمپانیاكە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە" وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وادەڵێت.
دەشڵێت "ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەكاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبووە و كۆمپانیای دانا گاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی كوندینسیت بەكاری هێناوە. لە كۆبوونەوەی رۆژی 2/10/2023 بە فەرمی بە كۆمپانیای داناگازمان راگەیاندووە: نابێت بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گازی کێڵگەکانی هەرێم بۆ هێچ شوێنێک چ لەناوخۆ یان دەرەوە بگوازێتەوە".
ڕوونکردنەوەکە دوای ئەوەدێت، کارەکانی هێڵی گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ بۆ وێستگەیەکى کارەبا لە کەرکوک کۆتاییهات، وەزارەتی نەوتی عێراق زانیاریی لەبارەی پڕۆژەکە بڵاوکردەوە، ئەوە لەکاتێکدایە گازی ئەو کێڵگەیە بەشێکە لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و، پارتی دەیەوێت هەناردەی تورکیا بکرێت و یەکێتی بەربەستی بەردەم ئەو خواستەی پارتییە.
هێشتا گازی کێڵگەی کۆرمۆر هەناردەی کەرکوک نەکراوەو تەنها ڕاکێشانی بۆریی گواستنەوەی گازەکە تەواو بووە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، درێژی بۆرییەكە (1050) مەترەو ڕۆژانە توانای گواستنەوەی ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا گازی هەیە.
بۆرییەکە گاز لە کێڵگەى کۆرمۆرى ناحیەى قادرکەرەمەوە بۆ وێستگەى گازیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناحیەی تازە لە کەرکوک دەگوازێتەوە بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمێنانی کارەبا.
عەلی عەبدولكەریم موسەوی بەڕێوەبەری گشتی هێڵی بۆرییە نەوتییەكان لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، بۆرییەكە دەبێت بە لقێك لە بۆرییە سەرەكیی وێستگەی جەمبورو كۆمپانیای گازی باكور بۆ ئەوەی گازی وشك بگەیەنێتە وێستگەی كارەبای تازە لە كەركوك، هەموو كارەكانی تایبەت بە بەستنەوەی بۆرییەكەو دانانی 3 قوفڵ بە قیاسی 16 ئینج تەواو بووە، ئەوە سەرباری دروستكردنی رێڕەوێك بۆ بۆرییەكە لەسەر رێگای سەرەكی (كەركوك- بەغداد) بەدرێژایی 60 مەتر.
كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازیی ھەرێمی كوردستانەو لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە، هەناردەکردنی گازەکەی بەشێکە لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و هێشتا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە وەزیرەکەی پارتییە هیچ قسەیەکی لەسەر گواستنەوەی گازی کێڵگەکە بۆ کەرکوک نەکردووە.
تورکیا کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارتی هەیە بە تایبەت لە پرسی نەوت و گازدا، چاوی لە گازی کێڵگەکەی کۆرمۆرەو ئەو دۆسیەیە بەشێک بوو لە کۆبوونەوەی سەرەتای ئەمساڵی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە.
سەرۆکایەتی هەرێم دوای ئەو کۆبوونەوەیە ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان، جهختيان لە سوود وهرگرتن لهو دهرفهتانهکردەوە کە لە بوارى وزهدا هاتوونهته ئاراوەو دهكرێت ڕۆڵى كاراى ههبێت له پڕكردنهوهى ئهو بۆشايى و پێويستييهى له جيهان و بهتايبهتى له ئهوروپا له بوارى وزه و گازى سروشتيدا دروست بوون.
هەر بە ئامانجی گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر و هەناردەکردنی بۆ تورکیا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی گازەکەی بۆ تورکیا دەستپێکرد، ئەوەش یەکێتی نیگەران کردو بە ئاشکرا دژی وەستایەوە.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، تیشکی ختەسەر ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرتی وزەو هەماهەنگیی و نزیکبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ بەغداد بەتایبەت دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە شوبانی ٢٠٢٢دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو بڕیاریدا نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغداد بکرێت.
بافڵ تاڵەبانی بە ڕوونیی پەردەی لەسەر ناکۆکییەکانیان لەگەڵ پارتی لادا لەبارەی پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی هەناردەی گازی سروشتی کێڵگەی کۆرمۆر کە دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، سەرۆکی یەکێتی بە شەخسیی دژی ئەو پڕۆژەیە وەستایەوەو وتی: بەبێ هیچ پڕۆسەیەکی تەندەر پێی دراوە.
کێڵگەی کۆرمۆرو سەرچاوەی گازەکە لە ناوچەی حکومڕانی یەکێتیدایەو ئەو حیزبە بوو بە بەربەست لەبەردەم ئەو پڕۆژەیەداو هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی ڕێگەیان بە کارکردنی کۆمپانیاکە نەداو پڕۆژەکەیان سڕ کرد.
کۆرمۆر كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات و لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک ھێرشی کراوەتەسەرو ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون. کێڵگەکە گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان دابیندەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.
كۆمپانیای دانەگاز بە وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار قەرز لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، سەرقاڵی فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە لە كێڵگەکە بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرھەمی ڕۆژانە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا گاز.