پەرەگراف
لە بۆردومانێکدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەمڕۆ دوو کەسی پیادەڕۆی لەسەر ڕێگای بۆسکێن لە دەڤەری ڕاپەڕین کردە ئامانج.
بەپێی گرتەی ڤیدیۆیی بۆردومانەکە، دوو کەسەکە ئافرەتن و بە سەختیی بریندار بوون. بەهۆی بۆردومانەکەوە زیانی ماددی بەر مارکێتێکی نزیک شوێنی ڕووداوەکە کەوتووە.
پێدەچێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە هی تورکیا بێت، بەوپێیەی پێشتر ڕووداوی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم ڕوویانداوەو تورکیا بە پاساوی بە ئامانجگرتنی گەریلاکانی پەکەکە، بۆردومانی کردووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف عێراق نایەوێت دڵی توركیا بڕەنجێنێت و لە بەرانبەر 24 هەزار جار بەزاندنی سنور بە قوڵایی 40 كیلۆمەتر، هێرشی زەمینی، بۆردومان و شەڕی درۆنەكانیشیدا هەڵوێستی کرداریی نییە كە بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتی مەدەنی بوون بە قوربانی.
كەمی بەردانەوەی ئاو و بێ ئەنجامی دانوستانەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت؛ دوو دیارترین پاساوی بەردەم حكومەتی بەغدان كە نایانەوێت هیچ دۆسیەیەكی دیكە لەگەڵ ئەنقەرەدا بكاتەوە.
قسەی یەكەم و سەرەكیی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كاتێك لە ٢٢-٨-٢٠٢٣ گەیشتە بەغداد و دواتر هەولێر، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەردوو حکومەت پرسی پەكەكە بوو، كە ئەنقەرە وەك پاساوی هێرش و بەزاندنی سنور و بۆردومانەكانی بەكاریدەهێنێت.
بەپێی ئامارێکی تیمی کوردستانی ڕێکخراوی سی پی تی، تەنیا ئەمساڵ تورکیا 82 هێرشی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوەو بەهۆی هەموو هێرشەكانی توركیاوە لە ساڵانی رابردووەوە تائێستا 147 هاوڵاتی مەدەنی گیانیانلەدەستداوە و 219ـی دیکەش بریندار بوون و لەسەدا 59ـی ئەوانەی بوونەتە قوربانیی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا، هاوڵاتیانی مەدەنی بوون نەک چەکدارانی پەکەکە.