مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی: سێشەممە دەكەینە كەرنەڤاڵی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی فراوان ئەنجام دەدەین
پەرەگراف
لەژێر دروشمی "یەكشەممەی كۆڵنەدان و بەردەوامی"، مامۆستاو فەرمانبەران سێیەمین خۆپیشاندانی بەرفراوانیان ئەنجام دا و وادەی چوارەم خۆپیشاندانی سەرتاسەرییشیان دیاری كرد کە سێشەممەی داهاتووەو دەڵێن: بە یەك مووچە بایكۆت ناشكێنن و دوو مەرجی دیكەشیان هەیە. حكومەت و وەزارەتی پەروەردەش توانای چارەسەری كێشەكانیان نییە و چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی سەدان هەزار قوتابی لە مەترسیدایە.
ئەمڕۆ لە شار و شارۆچكەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هاتنە سەر شەقام و، جەختیان لە بەردەوامیی بایكۆت كردەوە.
لە سلێمانی جارێكی دیكە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بە ڕێپێوانی فراوان چوونە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا و، لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند "بە یەك مووچە بایكۆت ناشكێنین و پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژانیش لە مەرجە نەگۆڕەكانمانن".
مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی وتیشیان، ڕۆژی سێشەممە دەكەنە "كەرنەڤاڵی ناڕەزایەتی" و لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەن. هەروەها جەخت دەكەنەوە كە "بایكۆتمان لەپێناو چارەسەری ڕیشەیی كێشەی مووچە كردووە و هەتا گەیشتن بەو ئامانجە بەردەوام دەبین".
مامۆستایانی وانەبێژیش كە یەك داواكارییان هەیە ئەویش دامەزراندنە بە شێوەی هەمیشەیی، نوێنەرەكەیان دەڵێت "پیلانگێڕییەكانی دسەڵاتی هەرێم بۆ شكاندنی بایكۆت سەری نەگرتووە".
هەرچی زانكۆی سلێمانییشە كە بە نیوەچڵی دەوام تێیدا دەستی پێ كردووەتەوە، ئەنجوومەنی ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆکە بەردەوامیدان بە بایكۆتی ڕاگەیاند و دەڵێت "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاران و بوونی كەموكورتی لە پێداویستییەكانی خوێندن، بایكۆتكردنی دەوام ئەركێكی ئەخلاقییە".
ئەنجوومەنەكە دەربارەی دەستپێكردنەوەی دەوامی بەشێك لە كۆلێژەكان لە هەفتەی ڕابردووەوە، ڕایدەگەیەنێت "لەو كۆلێژانەش خوێندكاران بە تەواوی نەگەڕاونەتەوە و پێداویستییەكانی خوێندن فەراهەم نین".
وەك مامۆستایان دەڵێن، مانگێك و 22 ڕۆژە بایكۆتی دەوامیان كردووە و، ئەمڕۆیش بەپێی ڕۆژژمێری ساڵنامەی خوێندن، ڕۆژی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەی 20 نمرەیی بووە، بەو جۆرەش تا ئێستا چارەنووسی خوێندن لە ناوچەكانی بایكۆت نادیارە.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حكومەت و وەزارەتی پەروەردە، هیچ ئەگەرێك بۆ جێبەجێكردنی داواكارییە سەرەكییەكانی مامۆستایان لەئارادا نییە، هەرێم بۆ چارەسەری كێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا لە دانوستاندایە و ئەوەش كاتی پێویستە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئامادەش نییە هیچ بڕیارێك لەسەر دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بدات، ئەوەش ئەگەری درێژەكێشانی بایكۆت زیاتر دەكات.
دەربارەی چارەنووسی خوێندن لە ناوچەكانی بایكۆت، سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە پەرەگرافی وت "هیچ بڕیارێك لە وەزارەتی پەروەردەوە نییە و هەرچی هەبێت بە فەرمی ڕادەگەیەنین".
دەیان هەزار مامۆستا و فەرمانبەر بایكۆتی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵیان كردووە و، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت "نزیكەی 700 هەزار قوتابی لە سلێمانی، هەڵەبجە، كۆیە، گەرمیان و ڕاپەڕین لە خوێندن بێبەشن".
ئەگەرچی مامۆستایانی ناڕازی ڕەتی دەكەنەوە مەترسیی فەوتانی خوێندنی ئەمساڵی خوێندكاران لە ناوچەكانی بایكۆت هەبێت و ئاماژە بەوە دەكەن كە لە كاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایشدا خوێندن دواكەوتووە و ساڵی خوێندن نەفەوتاوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە پێی وایە "دۆخی خوێندن لەو ناوچانە لە مەترسیدایە".