پارتی لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بارەگاكانی لە كەركووك دەكاتەوە

05-11-2023 01:58

پەرەگراف

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دەڵێت "لە چەند ڕۆژی داهاتوو بارەگای لقی سێ و باڵەخانەی نوێی مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی لە كەركووك دەكرێنەوە".

كردنەوەی بارەگاكانی پارتی لە كەركووك پاش هەفتەیەك لە دەستپێكردنی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دێت، كە تێیدا پارتی بە لیستی ژمارە 197 بەشدارە و كەكووكیش بووە بە چەقی ململانێی نێوان لایەنە كوردستانییەكان لە لایەك و نێوان كورد و پێكهاتەكانی دیكە لە لایەكی تر.

شاخەوان عەبدوڵڵا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ بە فەرمی باڵەخانەی مەكتەبی ڕێكخستنی كەركووك-گەرمیانی پارتیمان وەرگرتەوە و بە سوپاسەوە لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی باڵەخانەكەمان وەكو دیارییەك پێشكەشكی زانكۆی كەركووك كرد".

ئەو بەرپرسەی پارتی سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی كرد بۆ "جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ كردنەوەی سەرجەم بارەگاكانی پارتی لە كەركووك" و وتی "لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو بە شێوەیەكی فەرمی، بارەگای لقی سێی پارتی لە كەركووك و باڵەخانەی نوێی مەكتەبی ڕێكخستنی كەركووك-گەرمیانی پارتی لە شارەكە دەكرێنەوە".

"بوونی پارتی لە شاری كەركووك، پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە و نەتەوەكانی شارەكە بەهێزتر و قووڵتر دەكات و پارێزگاری لە پێكهاتەكانی شارەكە (كورد، عەرەب، توركمان، كریستیان و پێكهاتەكانی دیكە) دەكات"، شاخەوان عەبدوڵڵا وای وت.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە 18 ساڵە لە كەركووك و 10 ساڵە لە تەواوی عێراق نەكراوە، بڕیارە لە 18-12-2023 ئەنجام بدرێت. كورد بە پەرتەوازەیی و بە چەندین لیستی جیاواز چووەتە ناو هەڵبژاردنەكەوە، ئەمەشە مەترسیی كەمبوونەوەی كورسییەكانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و لەدەستدانی پۆستی پارێزگاری دروست كردووە، بەڵام هەموو لایەنەكان بانگەشەی گەرمیان دەست پێ‌ كردووە و دەیانەوێت پێگەی كورد پارێزراو بێت.

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 15 كورسی و كورسییەكی كۆتای كریستیان پێك دێت. كورد بە پێنج لیستی جیا لەو پارێزگایە بەشدارە لە هەڵبژاردنەكەدا. یەكێتی و حیزبی شیوعیی كوردستان پێكەوە بە هاوپەیمانێتییەك بە ناوی (كەركووك هێز و ئیرادەمانە) بە ژمارە 142؛ پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی ژمارە 197، جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167، هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی (مەشخەڵی كەركووك) بە لیستی ژمارە 163 و پارتی سوسیالیست دیموكراتی كوردستانیش بە تەنها بە لیستی ژمارە 202 بەشدارن لە هەڵبژاردنەكە.

لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكدا، (لیستی برایەتیی كەركووك) كە لیستێكی كوردستانی بوو، 26 كورسیی لە كۆی 41 كورسیی ئەنجوومەنەكە بەدەست هێنا، بەوەش كورد پۆستی پارێزگاری كەركووكی بردەوە، بەڵام لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كورد پۆستی پارێزگاری لەدەست دا و لە ئیدارەی پارێزگاكەش ڕۆڵی لاواز بوو.

لایەنە كوردستانییەكان لە هیچ پارێزگایەكی ناوچە دابڕاوەكان نەیانتوانی لە هاوپەیمانییەكی كوردیدا و لەژێر چەترێكدا كۆببنەوە، لە پارێزگای نەینەواش كە بەشێكی دانیشتوانەكەی كوردە، حیزبە كوردستانییەكان بە سێ لیست و هاوپەیمانی بەشدارن لە هەڵبژاردنەكە و زۆرینەی دەنگی كورد لە قەزاكانی مەخموور و شنگالن.

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 كورسییە، پارتی بە 52 كاندید و یەكێتیش بە 25 كاندید لەگەڵ كاندیدەكانی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان وەكوو سێ لایەنی كوردی، لە كێبڕكێدان.

لە دیالەش كە بەشێكی پارێزگاكە كوردستانییە و زۆرترین دەنگی كورد لە خانەقینە، كورد بە سێ لیست بەشدارە و بە هەمان شێوە پارتی و یەكێتی و سۆسیالیست كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی دەنگی كورد دەكەن بۆ ١٥ كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاكە.

پارێزگای سەلاحەدینیش چەند ناوچەیەكی كوردستانییە و دەنگی كوردی تێدایە، وەكوو دوزخورماتوو و ئامرلی و سلێمان بەگ، بەڵام لایەنە كوردستانییەكان لەم هەڵبژاردنەدا لیستیان نییە پارتی و یەكێتی و شیوعی بە هەبوونی كاندید لەناو لیستە عەرەبییەكاندا دەیانەوێت نوێنەریان لە ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە هەبێت كە 15 كورسیی بۆ دیاری كراوە.

لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە سەرتاسەری عێراق پێنج هەزار و 915 كاندید كێبڕكێ دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی 285 كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە 10 كورسییان بۆ كۆتاكان دیاری كراوە، ئەنجوومەنەكان ئەركیان هەڵبژاردنی پارێزگار و چاودێریی حكومەتی خۆجێییە.