ئەردۆغان: ناتانیاهوومان سڕیوەتەوە و خستوومانەتە لاوە

04-11-2023 07:12

پەرەگراف

لە بەرانبەر قبووڵنەكردنی ئاگربەست لە غەزە، وەزارەتی دەرەوەی توركیا بڕیاری دا بە بانگهێشتركردنەوەی باڵیۆزەكەی لە ئیسرائیل. ئەردۆغانیش "سڕینەوە"ی ناتانیاهووی ڕاگەیاند و دەڵێت "چیتر كەسێك نییە ئێمە قسەی لەگەڵ بكەین".

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە ڕاگەیەندراوێكدا دا دەڵێت "توركیا بڕیاری داوە كە شاكیر ئوزكان تۆرۆنلار، باڵیۆزی توركیا لە تەلئەبیب، بە مەبەستی ڕاوێژكاری بۆ ئەنقەرە بانگهێشت بكاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەیە كە ئیسرائیل ئامادە نەبووە بانگەوازەكانی ڕاگرتنی هێرشەكان بۆ سەر خەڵكی سڤیل كە ئاراستەی ئەو وڵاتە دەكرێت، قبووڵ بكات".

هەر ئەمڕۆیش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، ڕایگەیاند "چیتر ناتانیاهوو لەو ئاستەدا نییە قسەی لەگەڵ بكرێت و كەسێك نییە ئێمە قسەی لەگەڵ بكەین". ئەردۆغان وتیشی "ئێمە ناتانیاهوومان سڕیوەتەوە و خستوومانەتە لاوە".

سەرۆككۆماری توركیا، بینیامین ناتانیاهووی بە "بەرپرسیاری یەكەم"ـی ڕووداوەكانی غەزە ناو برد و وتی "ئێستا لە ئیسرائیلیش هەڵوێست دژ بە ناتانیاهوو هەیە. كەسێكە كە خەڵكی ئیسرائیلیش دژ بە كردەوەكانین و پشتیوانیی ناكەن".

ئەمڕۆ 29یەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بوو. وەزارەتی تەندروستی لە غەزە ڕایگەیاند، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە بەردەوامە و لە ماوەی "24 كاتژمێری ڕابردوودا 261 كەس"ـی دیكە كوژراون.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەزە لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژانەیدا دوایین ئاماریشی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، ژمارەی كوژراوەكان بۆ "9488" كەس بەرز بووەتەوە، كە لەناویاندا "3900" منداڵ و "2500" ژن هەن، بە لای كەمیشەوە "24 هەزار" كەس بریندار بوون.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەزە دەڵێت "70%ی قوربانییەكان منداڵ، ژن و بەساڵاچوون. 2200 كەسیش بێسەروشوێنن". هەروەها "150 كارمەندی تەندروستی" لەناو كوژراوەكاندان.