وتەبێژی یەكێتی: بەمنزیكانە یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە

04-11-2023 04:09

پەرەگراف

وتەبێژی یەكێتی ڕایگەیاند "بەمنزیكانە یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە، بەڵام هێشتا كات و شوێنی كۆبوونەوەكە دیاری نەكراوە". نێچیرڤان بارزانییش دەڵێت "ئەم هەفتەیە لەگەڵ یەكێتی كۆدەبینەوە و گفتوگۆ دەربارەی هەڵبژاردن و بابەتەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان دەكەین".

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی حیزبەكەی وتی "لەگەڵ پارتی بڕیامان داوە بەمنزیكانە كۆببینەوە، هەردوو لا لە پەیوەندیدان بۆ دیاریكردنی كات و شوێنی كۆبوونەوەكە".

لێدوانەكەی سەعدلا پیرە لە كاتێكدایە كە دوێنێ‌ لە پاریسەوە نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند "ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی دەبێت و هەڵبژاردن و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، لەگەڵ برایانی یەكێتی باسی دەكەین".

دەربارەی دەنگۆی ئەوەی پارتی و یەكێتی ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی جارێكی دیكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوا بخرێت، نێچیرڤان بارزانی وتی "نەخێر شتی وا نییە، لەگەڵ هیچ لایەنێك ڕێكنەكەوتووین و باسمان لەوە نەكردووە كە هەڵبژاردنەكان دوا بخرێن".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە "هەڵبژاردن بابەتێكی گرنگە و پەیوەندیی بە شەرعییەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و دەبێت هەموو لایەك پابەند بن بەوەی لە كاتی خۆیدا بكرێت".

ڕۆژی 19-10-2023، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كۆبوونەوەی خۆیدا وەفدێكی بە سەرۆكایەتیی بافڵ تاڵەبانی بۆ سەردانكردنی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم پێك هێنا.

پێشر لە ڕۆژی 11-10-2023، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، لە پانێڵی "سیستمی سیاسی و دەوڵەتسازی لە عێراق" لە دیداری میری، سەبارەت بە پلانیان بۆ یەكڕیزیی كورد وتی "با لێرە نهێنییەكی ناو حیزب ئاشكرا بكەم بۆتان، بەنیازین بە زووترین كات وەفدێك بۆ لای هەموو لایەنەكانی كوردستان بنێرین. هەوڵێك بدەین بە بیر و بۆچوونێكی تازەوە بەرنامەی خۆمانیان بۆ شەرح دەكەین".

بافڵ تاڵەبانی جەختی كردەوە كە "ئەوەی كە پێشتر ڕووی داوە، ئێمە هیچ حسابی بۆ ناكەین، دەمانەوێت جارێكی تر دەست پێ‌ بكەینەوە. هەوڵێكی جیددی لەگەڵ هەموو لایەنەكان بدەین".