پەرەگراف
لە ئەنجامی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی سەرتاسەری هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، لە زۆرینەی ناوچەكان باران باریوە و لە هەندێك شوێن بڕی بارانبارین گەیشتووە سەروو 50 ملیمەتر. بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ بڕێكی زۆر زیاتر باران باریوە. سبەینێش ئاسمان ساماڵ دەبێت.
بەپێی خشتەی بارانبارینی 24 كاتژمێری ڕابردوو (لە كاتژمێر 9ی بەیانیی هەینی تا كاتژمێر 9ی بەیانیی شەممە) كە كەشناسیی هەرێم بڵاوی كردووەتەوە، زۆرترین بڕی باران لە شارۆچكەی تەوێڵە باریوە بە 52 ملم، پاشان لە چوارتا 48 ملم و لە ڕواندوز 35 ملم باریوە.
لەناو هەندێك لە شارە گەورەكانیش بڕێكی زۆر باران باریوە. لە هەولێر 28 ملم، سلێمانی 19 ملم، دهۆك 12.4 ملم، هەڵەبجە 9 ملم و كەركوو تەنیا یەك ملم باران باریوە.
بەپێی پێشبینیی كەشناسی، سبەی یەكشەممە باران نابارێت و "ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ دروستبوونی هەندێك پەڵەهەور".
كارزان لەتیف، لێپرسراوی كەشناسیی كشتوكاڵی سلێمانی، خشتەی بڕی بارانبارینی سنووری پارێزگای سلێمانیی بڵاو كردووەتەوە. بەپێی خشتەكە، لە زۆرینەی ناوچەكانی پارێزگاكە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ تا ئەمڕۆ بڕێكی زۆرتر باران باریوە.
لەناو شاری سلێمانی ئەمساڵ 28.3 ملم باران باریوە، لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو 21.9 ملم باریوە، هەروەها لە تەوێڵە سێ هێندەی ساڵی ڕابردوو باران باریوە، بە جۆرێك ئەمساڵ 69.5 ملم باران باریوە، لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو تا ئەم كاتە 22.1 ملم باران باریوە. لە بەشێك لە شوێنەكانی دیكەش دوو بۆ سێ هێندەی پار بران بایوە.
لە زۆرینەی شوێنەكانی سنووری پارێزگای هەولێریش بڕێكی زۆر باران لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا باریوە، كە بەهۆیەوە لە چەند گەڕەكێکی شاری هەولێر لافاو هەڵسا.