نێچیرڤان بارزانی لە پاریسەوە هەڵوێستی هەرێم دەربارەی شەڕی غەزە ئاشکرا دەکات

04-11-2023 02:23

پەرەگراف

شەڕی غەزە، تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكانی نێچرڤان بارزانی بووە لەگەڵ سەرۆكکۆمار و بەرپرسانی دیكەی فەرەنسا. هەردوو لا لەسەر ئەوە كۆكن كە عێراق "نابێت ببێتە بەشێك لە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە". سەرۆكی هەرێم پێی وایە شەڕەكە مەترسیی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نییە و دەربارەی هێرشی گرووپە شیعەكانیش بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێم دەڵێت "بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە ‌عێراق ناكات".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی هەینی لە كۆشكی ئیلیزێ‌ لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆككۆماری فەرەنسا كۆبووەوە، دواتریش لەگەڵ سێباستیان لوكۆرنو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا، بە ئامادەیی سوپاسالاری فەرەنسا و ژمارەیەك لە پلەدارانی سەربازی كۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا "پێشهاتەكانی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكان بووە و نێچیرڤان بارزانیش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لێ‌ كردەوە.

سەرۆكی هەرێم وتی "ئەوەی ئێستا لە ناوچەكە دەگوزەرێ، بە شێوەیەك لە شێوەكان كاریگەریی لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستانیش هەیە، ئەمە تەوەرێكی سەركی بوو لە گفتوگۆی بەندە لەگەڵ جەنابی سەرۆك ماكرۆن. ئێمە بە وردی لەسەر ئەم بابەتە قسەمان كردووە".

"ئەم كێشەیە هەر ئەوەندە نییە تەنیا پەیوەندیی بەو شوێنەوە هەبێت كە كێشەی تێدایە، بێگومان كاریگەریی لەسەر هەموو ناوچەكە هەیە. هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە دەبێت بە زووترین كات هاوكاریی مرۆیی بگاتە خەڵك لە غەززە، ئەمە هەنگاوی یەكەمە. پێمان وایە پێویستە ئەوانەی لە دەست بزووتنەوەی حەماسیشدان دەبێت ئازاد بكرێن و دەبێت ڕێگە خۆش بكرێت بۆ ئەوەی لە درێژمەودادا چارەسەرێكی ستراتیژی بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە"، سەرۆكی هەرێم وای وت.

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "بە بۆچوونی ئێمە، چارەسەری دروست و تاكە چارەسەر، دوو دەوڵەتە. بۆ هەموو لایەك ئەوە ئاشكرا بوو كە شەڕ كێشەكە چارەسەر ناكات. ئەم كێشەیە بە ساڵ و زەمان لەو ناوچەیەدا هەیە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا ئاڵۆزییەكان مەترسی لەسەر هەرێم دروست ناكەن؟ نێچیرڤان بارزانی وتی "نەخێر، هیچ مەترسییەك لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نییە".

سەرۆكی هەرێم دەربارەی هێرشی گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێرانیش بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان، وتی "ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەكرێت، ئەو هێزە چەكدارانە كە ناوە ناوە درۆن دەنێرن بۆ هەولێر و بۆ عەینولئەسەد و ئەو شوێنانە، بە بڕوای ئێمە ئەمە بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە ‌عێراق ناكات. پێمان وانییە ئەمە خزمەت بە هەرێمی كوردستان دەكات".

سەرۆكی هەرێم جەختی كردەوە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە "دەبێت هەموو شتێك بكرێت بۆ ئەوەی‌ عێراق نەكەوێتە ناو ئەو كێشانەی هەیە".

"دۆخی عێراق، دۆخێكی زۆر زۆر تایبەتە و عێراق پێویستە دوورەپەرێز بێت و هەوڵی جددی بدات ئەم كێشەیە بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت"، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

کۆبوونەوەى شاندى هەرێم بە سەرۆکایەتیى نێچیرڤان بارزانى و شاندى وەزارەتى بەرگرى و سەربازیى فەرەنسا بە سەرۆکایەتیى وەزیرى بەرگریى فەرەنسا