پەرەگراف
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە یەكەم دەركەوتنی دوای هەڵگیرسانى جەنگی غەزە ڕایگەیاند "جەنگ بۆ زیاتر لە گۆڕەپانێك درێژ بووەتەوە و دەبێت بۆ هەموو ئەگەر و بژاردەكان ئامادە بین". پەیامێكیشی ئاراستەی ئەمریكا كرد و وتی "هەركەس دەیەوێت ڕێ لە فراوانبوونی شەڕ و هەڵگیرسانی شەڕێكی ناوچەیی بگرێت، دەبێت پەلە بكات لە ڕاگرتنی دەستدرێژییەكان بۆ سەر غەزە".
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، لە 28ـەمین ڕۆژی شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا، ئێوارەی ئەمڕۆ وتارێكی پێشكەش كرد. تێیدا ڕایگەیاند كە لە دووەم ڕۆژی "تۆفانی قەسا"وە لەگەڵ ئیسرائیل چوونەتە شەڕەوە و وتی "هیچ شەڕێك وەكوو شەڕ لە دژی زایۆنییەكان شەرعی نییە".
حەسەن نەسروڵڵا ڕایگەیاند "لە ماوەی ئەم مانگەی شەڕەكەدا ئیسرائیل هیچ دەستكەوتێكی سەربازیی نەبووە و زۆرینەی هەرەزۆری هێرشەكانی بۆ سەر خەڵكی مەدەنین كە زۆرینەیان ژن و منداڵن".
دەربارەی ئەو هۆشدارییانەی پێیان دراوە بۆ بەشدارینەكردن لە شەڕەكە، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنان ئاماژەی بەوە كرد كە لە یەكەم ڕۆژی تۆفانی ئەقساوە پەیامیان پێ گەیشتووە كە كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكا بۆردوومانیان دەكات، هەروەها بۆردوومانی ئێران دەكات، بەڵام ئەو لە وەڵامدا وتی "هەڕەشەكانتان ئێمە ناترسێنێت و ئامادەین بۆ كەشتییە جەنگییەكانتان".
حەسەن نەسروڵڵا جەختی لەوە كردەوە كە بۆ ڕێگری لە فراوانبوونی شەڕ و بەرگرتن بە هەڵگیرسانی شەڕێكی ناوچەیی، دەبێت "بە پەلە" هێرشەكانی سەر غەزە ڕابگیرێن، ئەو پەیامەشی ئاراستەی "ئەمریكییەكان" كرد.
هەروەها دووپاتی كردەوە كە "فراوانبوونی بەرە و جووڵەی شەڕ، پەیوەستە بە پێشهاتەكانی غەزەوە". وتیشی "هەموو بژاردەكان لەسەر مێزن و هەر كاتێك بمانەوێت دەتوانین دەستیان بۆ ببەین".
دەربارەی "پلان و جێبەجێكردن"ـی هێرشەكەی 7ی ئۆكتۆبەری حەماس بۆ سەر ئسرائیل، نەسروڵڵا پێی وایە "پلان و جێبەجێكردنێكی 100% فەلەستینی بوو". ڕەتی دەكاتەوە حیزبوڵڵا و ئێرانیش ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەكە بووبن. هەروەها ڕەتی كردەوە كە ئێران فەرمان بەوان بكات بۆ هێرش و ئۆپەراسیۆنەكانیان لە ناوچەكە و وتی "ئێران تەنیا پاڵپشتی و پشتیوانی"یان لێ دەكات.
ئەمینداری حیزبوڵڵا دانیشی بە كوژرانی "57" چەكداری حزبوڵڵادا نا لە هێرشەكانی ئەم ماوەیەی ئیسرائیلدا بۆ سەر پێگەكانیان لە لوبنان.
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕەخنەیش لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی گرت كە لە جەنگەكەدا هەڵوێستی كردارییان نەبووە و دەڵێت "پێویستە نەوت و گاز و خۆراك لە ئیسرائیل بگرنەوە و پەیوەندییەكانیان لەگەڵی بپچڕێنن".