سەدر داوا لە چوار وڵات دەکات رێگە بدەن سەدرییەکان بچنە سنورەکانی فەلەستین

03-11-2023 01:23

پەرەگراف

موقتەدا سەدر پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی (ئوردن، میسر، لوبنان و سوریا) كردو دەڵێت: "هیوادارین رێگه‌ به‌ برا سه‌درییه‌كانتان له‌ عێراق بده‌ن و به‌ هه‌ماهه‌نگیی ئێوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ بگه‌نه‌ سنوری فه‌له‌ستیی خۆشه‌ویست و هه‌ندێك كۆمه‌ك له‌ نان و ئاو و ده‌رمان و سوته‌مه‌نی بگه‌یه‌ننه‌ غه‌زه‌ی تێكۆشه‌ر".

ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامەکەی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) بڵاوکردەوەو هیوادەخوازێت ئه‌و وڵاتانە رێگه‌ش به‌ سه‌درییه‌كان بده‌ن تا له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا مانگرتنی ملیۆنیی ئاشتیانه‌ی مرۆییانه‌ له‌ سنوره‌كانیان ساز بكه‌ن كه‌ نزیكه‌ له‌ خاكی فه‌له‌ستین، داواش دەکات هاوڵاتیی هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ی عه‌ره‌بیش بیه‌وێت به‌شداریی بكات، با بچێتە‌ سنوره‌كان، "چونکە هه‌موومان به‌رپرسیارین له‌وه‌ی چی له‌ غه‌زه‌ روو ده‌دات و ئێوه‌ش بەرپرسیارێتیتان لە ئەستۆدایە".

ھاوکات لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و بۆردومانی غەزە، بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق لە نوێترین ھەڵوێستیدا ڕایگەیاند "بۆ پاڵپشتی لە خەڵکی فەلەستین و تۆڵەکردنەوەی شەهیدان، لە هەفتەی ئایندەوە قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن دەست پێ دەکەین. لەناو بنکەکانی خۆیاندا توندتر و فراوانتر هێرش دەکەینە سەریان".

بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق"، کە لە گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران پێک دێت، لە 18-10-2023 ئۆپەراسیۆنێکی لەژێر ناوی "پاڵپشتی لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە، لەوکاتەوە ئەنجامدانی نزیکەی 30 هێرشی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندووە.

شەوی ڕابردوویش ڕایگەیاند "موجاهیدەکانی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق، لە بەرەبەیانی دوێنێدا، ئامانجێکی گرنگی قەوارەی زایۆنییان لە کەنارەکانی دەریای مردوو پێکا".

ھەر شەوی ڕابردوو بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بنکەی ئاسمانیی هەریر لە ھەولێر کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و سیستمی بەرگری بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە.