ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە هێڵی شەمەندەفەری ئێرانەوە بەسترایەوە؛ هێڵەکە دەگاتە مەرزی باشماخ

02-11-2023 01:02

پەرەگراف

پاش ١٨ ساڵ لە دەستپێكردنی، پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەری سنە - هەمەدان تەواو كرا و بۆ یەكەم جار ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە هێڵی شەمەندەفەری ئێرانەوە بەسترایەوە. پارێزگاری سلێمانی بەشداریی كردنەوەی وێستگەی شەمەندەفەری سنەی كرد و سەرۆككۆماری ئێران بڕیاری داوە "هیڵی شەمەندەفەر تا مەرزی باشماخ درێژ بكرێتەوە".

ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی دەڵێت "كاری هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان - سنە، ١٨ساڵ لەمەوبەر دەستی پێ كردووە و لەم ساڵانەشدا هەندێك جار ڕاگیراوە، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا جووڵەكەی خێراتر بووە. پڕۆژەكە توانای گواستنەوەی ٣٠٠ هەزار سەرنشین و گواستنەوەی ٥٠٠ هەزار تۆن باری هەیە لە ساڵێكدا".

"كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی ڕێگاوبان، كارئاسانیی هاتووچۆ، پەرەپێدانی پیشەسازیی گەشتیاری، ڕەخساندنی هەلی كار و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی سووتەمەنی لە سوودەكانی ئەم پڕۆژەیەن"، ئاژانسی میهر وا دەڵێت.

مەراسیمی كردنەوەی وێستگەی شەمەندەفەری سنە و هێڵی شەمەندەفەری كوردستان، بە ئامادەیی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران و میهرداد بەزرباش، وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی و ئیسماعیل زارعی كوشا، پارێزگاری كوردستان (سنە) و نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی ئێران و هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، بەڕێوە چوو.

هەژماری فەرمیی پارێزگای سلێمانی لە فەیسبووك بڵاوی كردەوە "سەرۆككۆماری ئێران بڕیاری دا هێڵی شەمەندەفەری كوردستان تا دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ درێژ بكرێتەوە و ئەم هێڵە بە هێڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی ئێرانەوە ببەسترێتەوە، پەیوەندی و ئاڵوگۆڕە بازرگانی و ترانزێتییەكان لەگەڵ هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ و پەروێزخان بەهێزتر بكرێت".

پارێزگای سلێمانی دەشڵێت "پارێزگاری سلێمانی داوای كردنەوەی مەرزی سازان لە پارێزگای هەڵەبجەی گەیاندە سەرۆككۆماری ئێران، بە ئومێدی ئەوەی لە ئایندەدا ئەم مەرزەیش بە فەرمی بكرێتەوە".

سەفەری سەرۆككۆماری ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی كودستان دوو ڕۆژ دەخایەنێت و بڕیارە فڕۆكەخانەی سەقزیش بكانەوە.