پەرەگراف
وەزارەتی دارایی ھەرێم ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بڕی ٢٠٠ ملیار دینار لە لایەن بانکی ڕافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ئەوە بەشێکە لەو ٧٠٠ ملیارەی بەغداد بە قەرز دەیدات بە هەرێم بۆ مووچە.
"ڕۆژی شەممە ٢٠٢٣/١١/٤ لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٣/١١/٩ کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت" وەزارەتی دارایی وادەڵێت.
حکومەتی ھەرێم مووچەی سێ مانگی ڕابردووی دابەش نەکردووە، ئەوەش ناڕەزایی مووچەخۆران و بایکۆتی فراوانی ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردەو تەندروستی لێکەوتووەتەوە لە سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دوو خۆپیشاندانی فراوانیان ئەنجامداوەو ھەڕەشەی گواستنەوەی خۆپیشاندانیان کرد بۆ بەغداد.
لە دووەم خۆپیشاندانی فراوان کە ٢٩-١٠-٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، لە بەیاننامەیەكدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایانگەیاند "ئەم دەسەڵاتە بە كردار سەماندوویەتی كە باكی بە شكۆ و قووت و خوێندن نییە و تەنیا لە خەمی كورسیی خۆیاندان، باكمان بە گرتن و لێدان و سزادانی ئیداری نییە و لە خەباتە مەدەنییەكانمان بەردەوام دەبین".
"بڕیارمان داوە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم خۆپیشاندانە بەرەو بەغدا ببەین، لەبەردەم دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و باڵیۆزەكان و كەناڵە عێراقی و جیهانییەكان، جاڕی ڕووڕەشی ستەمكاری و گەندەڵی و بێباكیی ئەم بنەماڵە حوكمڕانانە بدەین"، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وا دەڵێن.
دواتریش پێنج داواكارییان خستە ڕوو كە یەكەمیان "دابەشكردنی مووچە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق"ـەوە و دووەمیان "دەستپێكردنەوەی پەلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەپێی یاسای خزمەتی مەدەنیی عێراق"ـە.
"دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ پێكەوە و دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان"، سێ داواكاریی دیكەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییە.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژیش ڕایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزیران تەنیا یەك كۆبوونەوەی بە ئامانجی چارەسەری كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ نەكردووە، سەرباری ئەوە فشار لە مامۆستان دەكرێت و لە وەزیری پەروەردەوە تا بەرپرسی لق و مەڵبەند و ناوچەكان ڕاسپێردراون كە داوا لە مامۆستایان دەكەن بە سەرشۆڕی و بە گیرفانی خاڵییەوە، بەبێ بەدەستهێنانی هیچ ئامانجێكی دیاریكراو، بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن".
هاوكات نوێنەرێكی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی بەشداریی خۆپیشاندانەكەی كرد و تێیدا وتی "كێشە داراییەكان و كێشەكانی بەردەم خوێندن لە زانكۆی سلێمانی، وەكو خۆیان ماون و زەحمەتە خوێندن دەست پێ بكاتەوە".