گرووپە شیعەكان بەردەوامن لە هێرش؛ ئەمریكا داوای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە هەرێم دەكات
پەرەگراف
هێرشی گرووپە شیعەكانی نزیك لە ئێران بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا، باڵیۆزی ئەمریكای هێنایە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆی دەربارەی "ڕێگریكردن لە هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا" كردووە. هەروەها هەردوولا "جەخت لە پاراستنی ئاسایشی هێزەكانی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماسییەكان" دەكەنەوە.
هەر ئەمڕۆ بزووتنەوەی نوجەبا كە گرووپَكی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێرانە، بانگەوازی شەڕی كرد و دەڵێت "بەرەنگاریی ئیسلامی بە ڕێگەی سەربازی عێراق ئازاد دەكات". ئێوارەی ئەمڕۆیش بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق هێرشێكی دیكەی بۆ سەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا ڕاگەیاند.
ئالینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس دەڵێت "ڕۆژی 1ی تشرینی دووەم، سەردانی هەرێمی كوردستانی عێراقم كرد بۆ جەختكردنەوە لە پابەندیی ئەمریكا بەرانبەر ناوچەكە و گرەنتیی كردنی هاریكاریی ئەمنی و كاركردن پێكەوە بۆ ڕێگری لە هێرشەكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا".
باڵیۆزی ئەمریكا ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەوە.
سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "لە كۆبوونەوەیەكدا برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیژیی ئەمەریكی ـ عێراقیدا تاوتوێ كرا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی هاریكاریی هاوبەش و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هێزەكانی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماسییەكان لە تەواوی عێراق كردەوە".
دەربارەی كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و ئالینا ڕۆمانۆوسكی، حكومەتی هەرێم دەڵێت "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلوماتییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان".
هەرچی قوباد تاڵەبانییشە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، پێویستە حكومەتی فیدراڵ و لایەنە عێراقییەكان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا بكەن و ڕێگە نەدەن ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بكەوێتە مەترسییەوە".
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "لە كۆبوونەوەم لەگەڵ هەر یەكە لە باڵیۆزی ئەمریكا و باڵیۆزی كەنەدا، جەختمان كردەوە لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەكاندا، هەموو ناوچەكە زیانی بەردەكەوێت".
سەردانەكەی باڵیۆزی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر بارگرژییەكانی ناوچەكە و بە تایبەت هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، پاش چڕبوونەوەی هێرشی گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا دێت لە عێراق، هەرێمی كوردستان، سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان.
هەر ئەمڕۆیش ئەكرەم كەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، لە نووسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بانگەوازی دەستپێكردنی شەڕی لە عێراق كرد و دەڵێت "بەرگریی ئیسلامی لە عێراق بڕیاری بە ڕێگەی سەربازی عێراق ئازاد بكات و پرسەكە یەكلا بكاتەوە".
ئەكرەم كەعبی جەخت دەكاتەوە كە "ڕاوەستان نییە، ئاگربەست نییە و پاشەكشە نییە".
لە ڕۆژی 18-10-2023، بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" كە لە گرووپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران پێك دێت، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی لەژێر ناوی "پشتیوانی لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاند و دەستی بە هێرش بۆ سەرە بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا كرد.
ئێوارەی ئەمڕۆیش بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند كە بە "دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان" هێرشی كردووەتە سەر "بنكەی تەنەفی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا".
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوانەی كە بەرەنگاری ئیسلامی بڵاوی كردوونەتەوە، تا ئێوارەی ئەمڕۆ، "26" هێرشی بۆ سەر "10" بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە "عێراق و هەرێمی كوردستان و سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام داوە.
ئەو هێرشانە كە بە "مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان" ئەنجام دراون، زۆرترینیان بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق بووە، كە بەرەكە بانگەشەی ئەە دەكات "هەشت" هێرشی كردووەتە سەری.