بەغدا ڕێكارەكانی دژی کۆمپانیاى كۆڕەك دەست پێ‌ كرد و پەیوەندیی لەگەڵ كۆمپانیاكانی تر پچڕاند

01-11-2023 06:19

پەرەگراف

پاش ئەوەى دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی دژی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم دەست پێ‌ كرد و داواى لە هەردوو كۆمپانیای پەیوەندیی ئاسیاسێڵ و ئەسیر کرد كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆڕە بپچڕێنن، ئێوارەى ئەمڕۆ ئەو کۆمپانیایانە بڕیارەکەیان جێبەجێ کرد و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیان لەگەڵ کۆڕەک پچڕاند.

كۆمپانیای كۆڕەك دەڵێت "لەسەر داواكارایی كۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندن، پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان كۆڕەك و كۆمپانیاكانی تر ڕاگیراوە و كار دەكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە بە زووترین كات".

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق ڕایگەیاندووە كە كۆمپانیای كۆڕەك "قەرزێكی زۆر"ی لایە و پابەند نییە بە دانەوەی، ئەمە لە كاتێكدا چەندین جار "ئاگادار كراوەتەوە و هۆشداریی پێ‌ دراوە"، بەڵام كۆمپانیاكە "گوێی بە هۆشدارییەكان نەداوە".

پێشتر لە 22-10-2023، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق داوای لە هاووڵاتیان كرد "چیتر سیمكارتی كۆڕەك تیلیكۆم نەكڕن" و ڕایگەیاند "لە ماوەی 10 ڕۆژدا پەیوەندیی كۆمپانیای كۆڕەكە لەگەڵ كۆمپانیاكانی دیكەی پەیوەندی دەپچڕێنین، تا ئەو كاتەی كۆمپانیا ئەركە داراییەكانی خۆی جێبەجێ دەكات".

بەپێی نووسراوێك كە ئەمڕۆ دەركراوە و كۆپییەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەم بڕیاری دەركردووە "پشتبەست بەو دەسەڵاتانەی كە بەپێی فەرمانی یاسایی ژمارە ٦٥ی ساڵی ٢٠٠٤ی كارپێكراو" بە دەستەكەیان دراوە، هەروەها بەپێی "گرێبەستەكانی مۆڵەتپێدان بە كۆمپانیاكانی مۆبایل" و بە "لەبەرچاوگرتنی بەسەرچوونی مۆڵەتی كۆمپانیای كۆڕە تیلیۆكۆم لە 30-8-2022 و پابەندنەبوونی كۆڕەك بە جێبەجێكردنی بڕیارە دادوەرییەكان كە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە دەركراون".

لە وەڵامدا، كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراقی تۆمەتبار كرد بەوەی كە "هەنگاوی نایاسایی" بەرانبەر كۆڕەك ناوە.

كۆڕەك بۆ چارەسەری كێشەكانیشی "بە شێوەیەكی دادپەروەرانە"، لەگەڵ دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق، داوای لە سەرۆكی حكومەتی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد "لیژنەیەكی بێلایەن" پێك بهێنن.

بڕیارەكانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق دژی كۆمپانیانی كۆڕەك كە 22-10-2023 دەركراون:

یەكەم: دەستەی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن ڕێنمایی دەردەكات كە فرۆشتن و بازرگانیكردن بە هەر سیمكارتێكی نوێی سەر بە كۆمپانیای كۆڕەك پەیوەندییەكان ڕابگیرێت.

دووەم: دەستەكە داوا لە هاووڵاتیان دەكات هیچ سیمكارتێكی نوێی كۆڕەك نەكڕن.

سێیەم: دەستەكە جەخت لە بریكارەكان و فرۆشیارەكان دەكاتەوە كە هیچ سیمكارتێكی نوێی كۆمپانیاكە نەفرۆشن و بازرگانییان پێوە نەكەن، بە پێچەوانەوە ڕێگای لێپرسینەوەی یاساییان بەرانبەر دەگیرێتە بەر.

چوارەم: بۆ ڕایگشتی ڕایدەگەیەنین كە دەستەی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن لە پرۆسەی پچڕاندنیی پەیوەندیی نێوان كۆڕەك تیلیكۆم و كۆمپانیاكانی دیكەی مۆبایلدایە كە لە وڵاتدا كاردەكەن، لە ماوەی 10 ڕۆژدا لە بەرواری دەرچوونی ئەم ڕاگەیەنرداوە، تا ئەو كاتەی كۆمپانیا ئەركە داراییەكانی خۆی جێبەجێ دەكات.