پەرەگراف
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لە بەرانبەر هەڵكشانی هێرشەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت "عێراق و سووریا"، بڕیاری ناردنی سەربازی زیاتری بۆ ناوچەكە دا و دەڵێت "27 هێرش كراوەتە سەر هێزەكانمان".
پات ڕایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن)، ڕایگەیاند "لە 17ی تشرینی یەكەمەوە تا ئێستا، 27 هێرش كراوەتە سەر هێزەكانمان لە عێراق و سووریا".
وتەبێژی پنتاگۆن ئاشكرایشی كرد كە بڕیاریان داوە بە "ناردنی 300 سەربازی دیكە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، بەڵام ئاماژەی بەوە كرد كە هیچ كام لەو سەربازانە ڕەوانەی ئیسرائیل ناكەن.
لە ڕۆژانی ڕابردوویشدا پات ڕیدەر ڕایگەیاند "٩٠٠ سەربازی بەرگریی ئاسمانی"یان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڵاو كردووەتەوە. ئەمە جگە لە ناردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر.
تا ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا وردەكاریی زیانە گیانی و ماددییەكان بۆ سەر هێزەكانی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام 25ی ئەم مانگە پنتاگۆن برینداربوونی 24 سەربازی لە هێرشەكاندا ڕاگەیاند و وتی "سەربازەكان بە سووكی بریندار بوون و پاش چارەسەر گەڕاونەتەوە سەر ئەركەكانیان".
پێشتریش پنتاگۆن گیانلەدەستدانی پەیمانكارێكی لە یەكێك لە بنكە سەربازییەكانی لە كاتی لێدانی زەنگی ئاگاداركردنەوە و خۆحەشارداندا، بە "جەڵتەی دڵ" ڕاگەیاند،
رۆژی 23-10-2023 ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی كرد بەهۆی "مەترسیی تیرۆر، ڕفاندن و هەڵكشانی گرژییەكان" سەردانی عێراق نەكەن. هاوكات داوای لە "كارمەندە ناپێویستەكان"ی لە باڵیۆزخانەی بەغدا و كۆنسوڵخانەكەی هەولێر كرد عێراق جێبهێڵن.
لە ڕۆژی 18-10-2023، بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" كە لە گرووپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران پێك دێت، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی لەژێر ناوی "پشتیوانی لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاند و دەستی بە هێرش بۆ سەرە بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا كرد.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوانەی كە بەرەنگاری ئیسلامی بڵاوی كردوونەتەوە، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ "25" هێرشیان بۆ سەر "10" بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە "عێراق و هەرێمی كوردستان و سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام داوە.
ئەو هێرشانە كە بە "مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان" ئەنجام دراون، زۆرترینیان بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق بووە، كە بەرەكە بانگەشەی ئەە دەكات "هەشت" هێرشی كردووەتە سەری.