ئامێدی وەک یەکەم قەزا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بووە خاوەن سیستمی پریپەیدی کارەبا

30-10-2023 06:54

پەرەگراف

وەزارەتی کارەبا پڕۆژەی پریپەیدی کارەبای لە سەنتەری قەزای ئامێدی جێبەجێ کرد و لە ئێستادا کاری پێ دەکرێت.

"هاووڵاتیان دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر و زیاتر و دادپەروەرانەتر سوود لە کارەبا وەربگرن.  پریپەیدی کارەبا سیستەمێکی پێشکەووتووی جیهانییە و بەهۆیەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ئابوورییانە کارەبا بەکار دەهێنرێت. لە پلانی وەزارەتی کارەبا دایە ئەم پرۆسەیە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات" وەزارەتی کارەبا وادەڵێت.

بەپێی ئەو سیستمە کارەبا دەبێت بە وەحدەو ھاوڵاتییان لە پێشدا پارە دەدەن بۆ دەسکەوتنی وزەی کارەبا ئەوەش لەڕێی کڕینی کارتەوە، ئەو شوێنانەی ئێستا کارەبایان کراوەتە ئەو سیستمە، ٢٤ کاتژمێر کارەبایان هەیە.

‏‎فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەت پێشتر ڕایگەیاند "بەپریپەیدكردنی كارەبای نیشتمانی، جگەلەوەی كارەبایەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات، لەو شوێنانەی سیستەمەكە جێگیركراوە، لۆدی سەر گۆڕەرەکانی کارەبا بە نزیکەی ٥٠٪ کەمبووەتەوە و کارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژە، بیرەکانی ئاو و ڕووناکیی شەقامەکان دابین کراوە. ئەمە جگە لەوەی کە ئەم سیستمەی کارەبا، دەتوانێت بارزۆری و کێشەی ڤۆڵتیە بەتەواوی چارەسەر بکات".

ئەوەشی خستەڕوو، سیستەمی پریپەید، جگە لە ژینگەیەكی پاك و كارەبایەكی باش و بەردەوام، بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییانی بەهۆی نەهێشتنی دوو سەرچاوەی پێدانی کارەبا کەمتر كردووەتەوە، "لەو شوێنانەی سیستەمەكەیان بۆ بەستراوە، سەرپێچییەکانی سەر کارەبا چارەسەر کراون و ژمارەی راستەقینەی هاوبەشانی کارەبا بە دیار کەوتوون".

ئەوە لەکاتێکدایە ملیۆنێك و ٣٠٠ هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، بەوەش ٩٢٪ـى هاوبەشان پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بكرێنە سیستمی پریپەید.