پەرەگراف
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە دووەم خۆپیشاندانی فراواندا لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، جەخت لە گواستنەوەی مووچەكانیان بۆ سەر حكومەتی فیدراڵی دەكەنەوە و دەڵێن "خۆپیشاندانەكان دەبەینە بەغدا".
مامۆستیان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی، هەڵەبجە، كەلار، سەیدسادق، كفری، چەمچەماڵ، قەڵادزی، كۆیە و شارەزوور هاتنە سەر شەقام و جەختیان لە درێژەدان بە بایكۆت كردەوە.
لە سلێمانی مامۆستایان بە ڕێپێوان چوونە بەردەم دادگا و وتیان "پێویستە دەسەڵاتی دادوەری گوێ لە پەیامەكەمان بگرێت و لێی تێبگات".
لە بەیاننامەیەكدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایانگەیاند "ئەم دەسەڵاتە بە كردار سەماندوویەتی كە باكی بە شكۆ و قووت و خوێندن نییە و تەنیا لە خەمی كورسیی خۆیاندان، باكمان بە گرتن و لێدان و سزادانی ئیداری نییە و لە خەباتە مەدەنییەكانمان بەردەوام دەبین".
"بڕیارمان داوە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم خۆپیشاندانە بەرەو بەغدا ببەین، لەبەردەم دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و باڵیۆزەكان و كەناڵە عێراقی و جیهانییەكان، جاڕی ڕووڕەشی ستەمكاری و گەندەڵی و بێباكیی ئەم بنەماڵە حوكمڕانانە بدەین"، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وا دەڵێن.
دواتریش پێنج داواكارییان خستە ڕوو كە یەكەمیان "دابەشكردنی مووچە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق"ـەوە و دووەمیان "دەستپێكردنەوەی پەلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەپێی یاسای خزمەتی مەدەنیی عێراق"ـە.
"دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ پێكەوە و دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان"، سێ داواكاریی دیكەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییە.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژیش ڕایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزیران تەنیا یەك كۆبوونەوەی بە ئامانجی چارەسەری كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ نەكردووە، سەرباری ئەوە فشار لە مامۆستان دەكرێت و لە وەزیری پەروەردەوە تا بەرپرسی لق و مەڵبەند و ناوچەكان ڕاسپێردراون كە داوا لە مامۆستایان دەكەن بە سەرشۆڕی و بە گیرفانی خاڵییەوە، بەبێ بەدەستهێنانی هیچ ئامانجێكی دیاریكراو، بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن".
هاوكات نوێنەرێكی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی بەشداریی خۆپیشاندانەكەی كرد و تێیدا وتی "كێشە داراییەكان و كێشەكانی بەردەم خوێندن لە زانكۆی سلێمانی، وەكو خۆیان ماون و زەحمەتە خوێندن دەست پێ بكاتەوە".