حکومەتی هەرێم: پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان، ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە دواخراوە

28-10-2023 09:03

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "‎پێچەوانەی ڕێككەوتنەكان، ناردنی 700 ملیار دینارەكە دواخراوە و شاندی حكومەتی هەرێم دەچێتەوە بەغدا". هۆشداریش دەدات كە لە بەرانبەر بەردەوامیی ئەم دۆخە "ناتوانین بێدەنگ بین".

‎پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا دەڵێت
"بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی ۷٠٠ ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشكردنی مووچە بكەین، بەڵام جارێكی دیكە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسەوباسی ناو كۆبوونەوەكان و ڕێككەوتنەكان، ناردنی پارەكە دواكەوت".

پێشەوا هەورامانی ئاشكرای دەكات كە "ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغدا". دەشڵێت "ڕۆژی سێشەممە حكومەتی فیدراڵ كۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت كە بڕیارێكی كۆتایی و ڕیشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی".

"لە ماوەی ڕابردوو نیەتی ڕوونی حكومەتی هەرێم نیشان درا بۆ ڕێككەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ. هیچ شتێك لەسەر ئێمە نەماوە كە ئەنجامی بدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بەردەوام بێت، لە بەرانبەر پێشێلكردنی مافی دەستووریی خەڵكی هەرێمی كوردستان، ناتوانین بێ دەنگ بین".

بەپێی دوایین ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، بەغدا بۆ ماوەی سێ‌ مانگ، مانگانە 700 ملیار دینار قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، تا لە ماوەی ئەو سێ‌ مانگەدا هەرێم و بەغدا لەسەر كێشەی بودجە و داهات دەگەنە ڕێككەوتن، دواتر لە پشكی هەرێك قەرزەكە دەدرێتەوە.

پاش ناردنی 700 ملیار دینارەكە لە مانگی ڕابردوو، ئەم مانگە بەغدا هێشتا پارەكەی نەناردووە، لە كاتێكدا دەبوو لە دەوروبەری 25ی مانگدا پارەكە بنێردرێت.

لە كاتێكدا لە كۆتا ڕۆژەكانی مانگی 10 داین، مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆیشیان وەرنەگرتووە، كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی بایكۆتی پرۆسەی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە و بڕیاریشە سبەینێ‌ جارێكی دیكە بەوهۆیەوە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.