پەرەگراف
موقتەدا سەدر داوا لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق دەکات باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد دابخەن.
داواکەی ڕێبەری سەدر لە تویتێکدا ھاتووە کە ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە، ئەوەش بەھۆی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی دژی حەماس لە غەززە.
سەدر داواش دەکات دیبلۆماتکارە ئەمەریکییەکان پارێزراوبن لە ھێرشی میلیشیا شیعەکان کە بە "ناشرین" ناویان دەبات.
سەدر دەشڵێت، ئەگەر ئەو داوایەی جێبەجێ نەکرێت و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دانەخرێت، ھەڵوێستی دیکەیان دەبێت کە دواتر ئاشکرای دەکەن.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، ھێزەکانی ئەمەریکا کراونەتە ئامانج لەلایەن میلیشیا شیعەکانی سەربە ئێران کە خۆیان ناوناوە بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی و لە ڕۆژی 18-10-2023 ئۆپەراسیۆنێکیان لەژێر ناوی "پشتیوانی لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە. لەو کاتەوە تا ئەمشەو ئەنجامدانی "20" هێرشی لە ڕێگەی "مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە" بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە "عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا (ڕۆژاوای کوردستان)" ڕاگەیاند.
ئەمریکا بە فەرمی برینداربوونی "24 سەرباز"ی لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانەوە ڕاگەیاندووەو شەوی ڕابردووش چەند بارەگایەکی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی بوردومان کرد لە ڕۆژھەڵاتی سوریا.