گومان لە مردنی مامۆستایەكی وانەبێژ لە 'ڕووداوێكی هاتووچۆ'دا و 'سووتانی خۆی و ئۆتۆمبێلەكە'ی دەکرێت

27-10-2023 12:46

پەرەگراف

گومان لە مردنی مامۆستایەكی وانەبێژی هەولێر لە "ڕووداوێكی هاتووچۆ"دا و "سووتانی خۆی و ئۆتۆمبێلەكە"ی دەکرێت و كاردانەوەی بەدوادا دێت. ئەو مامۆستایە کە بە "نوێنەرى مامۆستایانى وانەبێژ" ناو دەبرێت، چەند كاتژمێرێك بەر لە ڕووداوەكە، شەش پۆستی لە فەیسبووك بڵاو كردووەتەوە و لە هەموویاندا ئاماژەی مردن هەیە و لە هەندێكیان ڕاستەوخۆ باس لە مردنی خۆی دەكات. كۆمەڵناسێك داوا دەكات "لێكۆڵینەوە ورد" لە ڕووداوەكە بكرێت. بەرگریی شارستانیش لەبارەی ڕووداوەكەوە ڕوونكردنەوە دەدات.

شەوی ڕابردوو مامۆستای وانەبێژ و شاعیر (جیهان تەها)، لە ڕووداوێكی هاتووچۆدا لە گوندی (هڤنكا)ی ناحیەی بلێ لە سنووری قەزای مێرگەسوور، گیانی لەدەست دا.

بەرگریی شارستانیی سۆران لەبارەی ڕووداوەكەوە دەڵێت "ئاگادار كراینەوە كەوا ڕووداوێكی وەرگەڕان و گڕگرتنی ئۆتۆمبێل هەیە، دەستبەجێ تیمەكانمان لە بنكەی بەرگریی شارستانیی بارزان دەرچوون بۆ شوێنی ڕووداوەكە و توانییان ئاگرەكە كۆنترۆل بكەن".

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەرگریی شارستانیی سۆران، ئەو مامۆستایە و ئۆتۆمبێلەكەی كە لە جۆری (NISSAN MICRO)یە، "بە تەواوی سووتاون". تەرمەكەی ڕەوانەی "نەخۆشخانەی بلێ كراوە و لەوێشەوە بۆ پزیشكی دادی لە سۆران گوازراوەتەوە".

كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری سلێمانی، مامۆستا جیهان تەهای بە "نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پەروەردەی هەولێر" ناو بردووە.

مامۆستا جیهان تەها چەند كاتژمێرێك بەر لە مردنی، لە ماوەی دوو كاتژمێردا شەش پۆستی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاو كردووەتەوە و لە سەرجەمیان یان ڕاستەوخۆ باسی مردنی خۆی كردووە، یان ئاماژەی مردن هەیە.

لە یەكێك لەو پۆستانەدا دەڵێت "ڕێگام بەرەو مەرگە، مردن بانگم دەكات". لە كۆتا پۆستی بەر لە مردنیشی دەڵێت "دوو جیهانین، دژی یەكین". هەروەها لە پۆستێكی دیكەدا دەڵێت "منداڵەكانم ئەمانەتی دەستی سەركردەی گەورەم كاكە شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ دەكەم، ئەوان دەبن بە پیاوی تۆ".

مامۆستا جیهان تەها لە دوو پۆستی دیكەی فەیسبوودا باس لە چوون بۆ لای باوكی دەكات كە كۆچی دوایی كردووە. لە پۆستێكیاندا كە ناونیشانی "دەچمە لای" لێ‌ ناوە، دەڵێت "بابە گیان لێم خۆش بە، من تێكشكاوم، من خراپ نەبووم، تەنیا تۆ و خودا شاهێدن. پێم گوتی دێمە لات". لە پۆستەكەی دیكەشدا بە باوكی دەڵێت "بۆ بەرەو لای تۆ بابە گیان".

مامۆستا جیهان کە هاوکات شاعیریش بووە، لە پۆستێكی دیكەدا كە شیعرێكە و وا پێ‌ دەچێت هەر خۆی نووسەری بێت، تێیدا دەڵێت "لە چوارچێوەی جیهان دێمە دەرەوە، ئەم فیلمەم پێ‌ تەواو ناكرێت".

مردنى ئەو مامۆستایە بەو شێوازە و بڵاوکردنەوەى ئەو پۆستانە بە چەند کاتژمێرێک بەر لە مردنى، کاردانەوەى فراوانى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوادا هاتووە. مردنەکەى بە "گوماناوى" ناو دەبرێت و داوا دەکرێت "لێکۆڵینەوەى ورد" لە ڕووداوى مردنەکەى بکرێت.

محەمەد گۆمەشینی، كۆمەڵناس، شێوازی مەرگی ئەو مامۆستایە و پۆستەكانی دواساتی ژیانی لە فەیسبووك، بە "جێی هەڵوەستەكردن" ناو دەبات و دڵێت "پۆستەكانی بە ئاسایی نابینم، چونكە تەواو ئامادەكارین بۆ كۆچێكی كۆتایی".

محەمەد گۆمەشینی دەشڵێت "هیوام وایە لێكۆڵینەوەیەكی ورد و بەدواداچوونی جیددی بۆ بكرێ‌، تەنیا بە ئیننا لیللا وە ئیننا ئیلەیهی ڕاجیعوون كۆتایی پێ‌ نەهێنن".

هەروەها دەستەى داکۆکى لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى وێڕای دەربڕینی "هاوخەمی و دڵگرانیی قووڵ"، دەڵێت "هیواخوازین مەرگى ڕووداوێکی ئاسایی بێت و دەستی لە پشتەوە نەبێت".

مامۆستا جیهان تەها ماوەیەك لەمەوبەریش لە بەرنامەیەكی كەناڵی ڕووداودا دەركەوت، كە تێیدا ڕەخنەی لە بەرپرسانی پەروەردە گرت بەوەی ناتوانن كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بكەن و وتی "بە وەزیری پەروەردەیشەوە، دڵسۆزن لە كارەكانیاندا، بەڵام حیسابیان بۆ ناكرێت و ئیشەكانیان بۆ جێبەجێ‌ ناكرێت، بۆیە پێویستە دەست لە كار بكێشنەوە".