پەرەگراف
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمشەو هێرشێکی سەر ھێزەکانیان لە ھەولێر شکست پێھێنا.
پات ڕیدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، دەشڵێت، ٩٠٠ سەربازی بەرگریی ئاسمانییان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردووەتەوە.
وتەبێژەکەی پنتاگۆن ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ھێزانەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھێرش دەکەنەسەریان ئێران پشتیوانییان دەکات، جەختیشی کردەوە کە ھێرشەکان بێوەڵام نابن.
بەپێی زانیارییەکان ھێرشەکەی ئەمشەو بۆسەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، بە دوو درۆن ئەنجام دراوەو درۆنەکان خراونەتەخوارەوەو ھێرشەکە بێزیان بووە.
ھاوکات بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ئەنجامدانی هێرشی بۆ سەر سێ بنکەی ئەمریکای لە "عێراق، نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر (هەرێمی کوردستان) و سووریا (ڕۆژاوای کوردستان)" ڕاگەیاند.
بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق دەڵێت "موجاهیدەکانمان بنکەی عەین ئەسەدی ئەمریکایان لە ڕۆژاوای عێراق بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج و ڕاستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکا".
لە ڕاگەیەندراوێکی تردا دەڵێت "موجاهیدەکانمان بنکەی شەدادیی ئەمریکایان لە پارێزگای حەسەکەی سووریا (ڕۆژاوای کوردستان) بە ژمارەیەک مووشەک کردە ئامانج و ڕاستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکا".
لە ڕاگەیەندراوی سێیەمدا کە کاتژمێر نۆی ئەمشەو بڵاوی کردووەتەوە، بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق دەڵێت "موجاهیدەکانمان بنکەی ئەمریکایان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج و ڕاستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکا".
بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق کە لە گرووپە چەکدارییە شیعەکانی نزیک لە ئێران پێک دێت، لە ڕۆژی 18-10-2023 ئۆپەراسیۆنێکی لەژێر ناوی "پشتیوانی لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە. لەو کاتەوە تا ئەمشەو ئەنجامدانی "20" هێرشی لە ڕێگەی "مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە" بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە "عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا (ڕۆژاوای کوردستان)" ڕاگەیاندووە.
ئەمریکا بە فەرمی برینداربوونی "24 سەرباز"ی لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکاندا ڕاگەیاندووە.
دوێنێ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ڕاگەیاند، لە 18-10-2023 لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەی تەنەف لە سووریا "20 سەرباز"ی ئەمریکا و لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر بنکەی بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژاوای عێراق "چوار سەرباز" بریندار بوون.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت "سەربازەکان بە سووکی بریندار بوون و پاش چارەسەر گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان".