كۆمیتەی ناوەندیی پارتی: باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە كەركووك پێشكەشی‌ زانكۆ دەكەین

26-10-2023 04:51

پەرەگراف

كۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا "باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك، پێشكەشی‌ زانكۆی كەركووك بكرێت". دەربارەی مووچەش دەڵێت "ئومێدەوارین چارەسەری بنەڕەتی بۆ پرسی مووچە بدۆزرێتەوە".

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان:

بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمرۆ پێنج شەممە 26/10/2023 لە صلاحەدین، بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و یەدەگەكان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونەوە بە ساتێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان سەروەریان بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمشە لەیاد دەستی پێكرد، دواتر بیروڕا ئاڵۆگۆڕكرا‌ لە سەر بابەتە هەنوكەیی و گرنگ و كاریگەرەكانی ناوچەكە‌ و عێراق و كوردستان بەتایبەتی و، جیهان بە گشتی و، ئەم بابەت و تەوەرانەی خوارەوە بڕیاری پێویستیان بۆ وەرگیرا:

تەوەری یەكەم/ بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێم و ناوچەكە بەگشتی: كۆبوونەوە ڕەوشی ئێستای ناوچەكە و ڕوداوو و پێشهاتەكان و كاریگەرییان لەسەر هەرێم و عێراق لە هەموو ڕوویەكەوە خستە بەرباس و گفتوگۆكردن، هەروەها پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە كابینەی حكومەت هەڵسەنگانی بۆ كرا و، تیشكخرایە سەر لێكتێگەیشتنەكانی ئەو دواییانەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ، كە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان هەنگاو دەنرێت. ئومێدەوارین هەرچی زووترە كۆتایی بە كێشە و ئاستەنگەكان بهێنرێت و چارەسەری بنەڕەتی بۆ پرسی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم و تەواوی ئەو بابەتانەی دیكەیش بكرێت، كە لە بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری وڵاتدایە.

تەوەری دووەم/ بابەتی پەیوەندییە نێوخۆییەكانی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانی: كۆبوونەوە بڕیاریدا، وەكو هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەهێزتركردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان و لێكتێگەیشتن و هاوكاری، پارتیمان بەردەوام ‌بێت لە دیدار و گفتوگۆكردن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەت و ئەوانەشی كە بەشدارنین، هەروەها بەهێز خستنی خاڵە هاوبەشەكان و ئیدارەدانی ئەو جیاوازیانەی كە لەگەڵ پرنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان، ناكۆك نین.

تەوەری سێیەم/ بابەتی بارەگاكانی پارتیمان لە كەركوك: لەپێناو پاراستنی گیانی تەبایی و سەقامگیری شاری كەركوك و، پێزانین و ڕێزگرتن لە خەڵكی خۆڕاگر و تێكۆشەری ئەم شارە كە ماوەیەكی زۆرە خۆڕاگر و بەردەوام قوربانی دەربوون لە پێناو ئامانجە ڕەواكانیان، كۆبوونەوە بڕیاریدا پارتیمان باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پێشووی خۆی لە كەركوك، پێشكەشی‌ زانكۆی كەركوك بكرێت وەكو دیارییەك بۆ قوتابیانی ئەو شارە و پڕۆسەی خوێندن و ڕۆشنبیری و پێشخستنی شارەكە، هاوكات كۆبوونەوە سوپاسی بەڕێز محەمەدە شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ دەكات لەبەرامبەر دەركردنی بریاری ڕادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتیمان لەو شارەدا.

تەوەری چوارەم/ بابەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان: كۆبوونەوە وێڕای تیشكخستنە سەر هەلومەرج و ئاستەنگەكانی بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردنی بەرنامە و بڕیارەكانیدا، پشتیوانی خۆی بۆ حكومەت و دامودەزگاكانی هەرێم دەربڕی لە هەنگاوەكانیاندا بۆ خزمەتی زیاتری خەڵكی هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە بوارە جیاجیاكاندا، هەروەها هەوڵەكانی حكومەت بۆ دابینكردنی مووچە و بەردەوامی و پەرەپێدانی پڕۆژەكاندا.

تەوەری پێنجەم/ بابەتی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان: كۆبوونەوە بە بایەخەوە پرسی كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی خستە بەرباس و بە گرنگییەوە تیشكی خستە سەر ئەو هەنگاوانەی كە بۆ خزمەتكردنی ئەو خانەوادە قوربانیدەرانە نراون، هەروەها ئەو هەنگاوانەشی دەستنیشانكرد كە پێویستە بە ئاراستەی خزمەتی زیاتر بنرێن.

تەوەری شەشەم/ بابەتی ناوخۆی پارتیمان: كۆبوونەوە تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئۆڕگانەكان و ڕێكخستنەكانی پارتیمان و، ڕاپۆرتی بەشەكانی مەكتەبی سیاسی و مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگاكان خوێندرانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوتی ئیش و كارەكانی ناوخۆی پارتیمان كرا و گرفت و ئاڵنگارییەكان دیاریكران، بریاری پێویست درا سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی پارتیمان بۆ هەردوو پڕۆسەی گرنگی هەڵبژاردن كە لە پێشمانە و ڕێنمایی پێویستیش دران بۆ زاڵبوون بەسەر گرفت و ئاستەنگەكان و هەماهەنگی زیاتری نێوان ئۆرگانەكان و باشتر جێبەجێكردنی ئەركەكانیان.

كومیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان

26ی تشرینی یەكەمی 2023