مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی: بەردەوام دەبین لە بایكۆت و لە سزای ئیداری ناترسین
پەرەگراف
ئەنجوومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی، بڕیاری ئەنجوومەنی زانكۆكە بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن "بەردەوام دەبین لە بایكۆتكردنی دەوام و هۆڵەكانی خوێندن و لە سزای ئیداری ناترسین".
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی جەخت دەكەنەوە كە ئەم بڕیارەیان بە "لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاران" داوە و تا ئەو كاتەی دڵنیا دەبنەوە لە "دەستەبەركردنی كەشێكی گونجاو بۆ خوێندن"، دەوام ناكەن.
ئەوانە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەش كرد كە "بەهۆی ئەو تاڵانكارییە بەرفراوانەی لە ماوەی 32 ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراوە، هەموو دەزگاكانی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا لە ئامانجەكانیان داماڵدراون و پێویستیان بە سەرلەنوێ بونیادنانەوە هەیە".
هەروەها بڕیاری ئەنجوومەنی زانكۆ بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن "دەبوو پرۆژەیەكیان پێشكەش بكردایە كە لایەنی كەمی داواكارییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەدی بهێنایە".