دژەتیرۆری پارتی: 10 چەكداری پەكەكە لە زنجیرەیەك بۆردوومانی توركیا كوژران

26-10-2023 01:21

پەرەگراف

دژەتیرۆری پارتی دەڵێت "لە زنجیرەیەك بۆردوومانی توركیا بۆ سەر پێگەكەكانی پەكەكە لە سنووری هەولێر و دهۆك، 13 چەكدار كوژران و بریندار بوون".

ئەمڕۆ پەیجی فەرمیی دژەتیرۆری كوردستان (دژەتیرۆری پارتی) لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردەوە "بە گوێرەی زانیارییەكانی دژەتیرۆری كوردستان، شەوی ڕابردوو 25/26ی تشرینی یەكەمی 2023، سوپای توركیا زنجیرەیەك بۆردوومانی بۆ سەر چەند پێگەیەكی چەكدارانی پەكەكە لە سنووری قەزای سیدەكان لە پارێزگای هەولێر ئەنجام داوە".

دژەتیرۆری پارتی دەڵێت "لەو بۆردوومانانەدا كە بە فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجام دراون، نۆ چەكداری پەكەكە كوژران".

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی دژەتیرۆری پارتی بڵاوی كردوونەتەوە، هەر شەوی ڕابردوو فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا، چەند پێگەیەكی پەكەكەیان لە پارێزگای دهۆك بۆردوومان كردووە".

لەو بۆردوومانانەشدا كە "لە سنووری ناحیەی شیلادزێ و دێرەلووكی سەر بە قەزای ئامێدی ئەنجام دراون، چەكدارێك كوژراوە و سێ‌ چەكداری دیكەش بریندار بوون".