ئەمریکا ئاماری سەربازە بریندارەکانی سوپاکەی بەهۆی هێرشی گرووپەکانی نزیک لە ئێران ڕاگەیاند

25-10-2023 01:28
بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار کە ھێزەکانی ئەمەریکای لێیە

پەرەگراف

لە ئەنجامی هێرشەکانی هەفتەی ڕابردووی گرووپە چەکدارییە شیعەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، "24" سەرباز بریندار بوون.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ڕاگەیاندووە "لە هەفتەی ڕابردوودا 20 سەربازی ئەمریکا لە بنکەی تەنەف لە سووریا و چوار سەرباز لە بنکەی عەین ئەسەد بریندار بوون".

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت "سەربازەکان بە سووکی بریندار بوون و پاش چارەسەر گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان".

تەنیا بەرەی "بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق" کە لە گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران پێک دێت، لە 18ی ئەم مانگە تا ئەمڕۆ، ئەنجامدانی زیاتر لە 15 هێرشی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕاگەیاندووە.

بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەت عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە لەدوای هاتنی داعشەوە دروست كران. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە دامەزرێنەری بەشێك لەو گرووپانە و پێكەوەبەستنیان لەگەڵ ئەو گرووپانەی كە پێشتر هەبوون و پاشان بەستنەوەیان بە ئێرانەوە ناو دەبرێت. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.

گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران لە ڕۆژی 18-10-2023 پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاند، بۆ پاڵپشتی لە "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا"ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیلیش، هێرشیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەست پێ كرد.

ئەمریکا دەڵێت ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت و هەر بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان كە ئەمریكا بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، فەرمانی كردووە كە كەشتیی فڕۆكە هەڵگری (یو ئێس ئێس ئایزنهاوەر) بگەڕێندرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بە ئامانجی "بەرزكردنەوەی توانای وەڵامدانەوەی بارودۆخە نائاساییەكان"، هەروەها ئەمریكا هەردوو "سیستەمی بەرگریی مووشەكیی تاد و پاتریۆتی زیاتر" ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات بۆ پاراستنی بنكەكانی.