پەرەگراف
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بە بەیاننامەیەكی پێنج خاڵی جارێكی دیكە جەختیان لە "بەردەوامیی بایكۆت"ی پۆسەی خوێندن كردەوە و ڕایشیانگەیاند "لە هیچ لایەنێك قبووڵ ناكەین، بەتایبەتی ئۆپۆزسیۆنی ساختە و كەسانی گومانلێكراو، سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بن".
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختیان كردەوە كە "هیچ هەڕەشەیەك نامان ترسێنێت" و داوایان لە هاوپیشەكانیان كرد "بوێرانە بەردەوام بن لە بایكۆت و گوێ نەدەنە هیچ هەڕەشەیەك، وەڵامی هیچ ڤۆیس و نامە و گرووپچاتەكانی فەرمانگە و قوتابخانەكانیان نەدەنەوە".
هەروەها ئاماژەیان بەوە كرد كە لە ئێستادا پلانی ئەنجامدانی خۆپیشاندانیان نییە، جگە لە "پاڵپشتیی گردبوونەوەكانی وانەبێژان"
وتیشیان "وەكوو سەرەتای ناڕەزایەتییەكان، داواكارین خاوەن پۆست و بەڕێوەبەرەكان، كورسییەكانیان بكەنە قوربانی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و سەندنەوەی مافی هەموان".
هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ڕایگەیاند كە بایكۆتی پرۆسەی خوێندن لەلایەن هاوپیشەكانیەوە بەردەوامە. وتیشی "داوا لە مامۆستایانی وانەبێژ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان دەكەین كە هیچ جۆرە چاوسووركردنەوە و پلانێكی بایكۆت شكاندن نەیانترسێنێت".