كورسیی توركمانەكان لە پەرلەمانی کوردستان لەبەردەم مەترسیی نەماندایە

24-10-2023 06:33

پەرەگراف

كورسیی توركمانەكان لە پەرلەمانی کوردستان لەبەردەم مەترسیی هەڵوەشانەوە و نەماندایە. مەترسیی سكاڵاكەی ‏یەكێتی لەسەر ماددەی تایبەت بە كورسیی پێكهاتەكان لە دادگای فیدراڵی، حیزبە ‏توركمانەكانی لە هەولێر كۆكردەوە و هاناش بۆ لایەنەكانی دیكە و كونسوڵخانەكان ‏دەبەن.‏

لە دانیشتنی دادگای فیدراڵی كە بڕیارە 5-11-2023 بەڕێوە بچێت، چاوەڕوان ‏دەكرێت بڕیار لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتییەوە بدرێت، توركمانەكان ئەمڕۆیش داوایان لە ‏یەكێتی كرد بەر لە بڕیاری دادگا، سكاڵاكەی بكشێنێتەوە.‏

زۆرینەی حیزب و لایەنەكانی توركمان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی توركمان، بە ‏بەشداریی نوێنەری پێنج كونسوڵگەری و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر ‏كۆبوونەوە. وەك خۆیان دەڵێن "كۆبوونەوەكە بۆ پارێزگاریكردن لە سیستەمی كۆتای ‏پێكهاتەی نەتەوەیی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان" بووە.‏

حیزب و لایەنە توركمانەكان دواتر بەیاننامەیەكی پێنج خاڵییان بڵاو كردەوە، تێیدا ‏داوایان كرد سیستمی كورسیی كۆتای پێكهاتەكەیان وەكوو خۆی بمێنێت، لەو ‏ڕووەشەوە داوای پاڵپشتی لە سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.‏

هەروەها دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن، ‏رێژەیەكی زۆری هاوڵاتیانی پێكهاتەی توركمان دانیشتوی پارێزگای هەولێرن و، كارێكی ‏هەڵەیە بەهۆكاری بوونی رێژەیەكی كەم لە هاوڵاتیانی توركمان لە پارێزگاکانی تر، ‏كورسیی كۆتای توركمان دابەش بكرێت و مافی ئەو رێژە زۆرەی هاوڵاتیانیان لە پارێزگای ‏هەولێر پێشێڵ بكرێت.‏

حیزب و لایەنەكانی پێكهاتەی توركمان، ھەر دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان و بەتایبەت ئەو مادانەی پەیوەستن بە كورسی پێكهاتە ‏نەتەوەییەكان، بە "نادەستوری" ناو دەبەن، هەروەها دەڵێن "نەمانی كورسی كۆتای ‏نەتەوەیی پێكهاتەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و ‏مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسیی ئەو نەتەوەیەیە".‏

كورسیی پێكهاتەكان یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی بەردەم هەمواركردنەوەی یاسای ‏هەڵبژاردن بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتی و چوار حیزبی دیكە ‏داوای دابەشكردنی كورسییەكانیان بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دەكرد، بەڵام پارتی دژی ‏ئەوە بوو.‏

یەكێتی و ئەو حیزبانە پێیان وایە پارتی كورسیی پێكهاتەكان لە ململانێی ناوخۆیدا ‏بەكار دەهێنێت و، خودی نوێنەری پێكهاتەكانیش لە پەرلەمان خزمەتیان بە سیاسەتی پارتی ‏كردووە.‏

سكاڵای سەر كورسیی پێكهاتەكان و بە گشتی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای ‏فیدراڵ، دوو سكاڵایە كە لەلایەن (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی ‏پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان‌ و (ئامانج نەجیب شەمعون) سەرۆكی فراكسیۆنی ‏‏(رافیدەین) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار كراون. ‏

سكاڵاكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی هەرێم ‏تۆماركراون و،‎ ‎دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە، پاش چەند جارێك ‏دواخستنی، بڕیارە 5ی تشرینی دووەم لەوباریەوە كۆببێتەوە.‏

سكاڵاكان لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراون. ‏تێیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی كراوە بڕیار بدات بە نادەستووریبوونی ماددەكانی (1-9-‏‏15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی ‏هەمواركراو، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوە و داوا دەكەن ‏دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی‎.‎

ئەگەر دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی سكاڵاكارەكان بڕیار بدات، ئەوا كورسییەكانی ‏پەرلەمان لە ١١١ كورسییەوە بۆ 106 كورسی كەم دەكرێنەوە و، پێنج كورسیی پێكهاتەی ‏توركمان هەڵدەوەشێتەوە و تەنیا پێنج كورسیی پێكهاتەی مەسیحی دەمێنێتەوە كە لە ‏یاسا كۆنەكەدا ھەبووە.‏

بەوپێیەش ئەگەر دادگا ئەوبڕیارە بدات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە بڕیارە ساڵی داهاتوو بكرێت، ‏پێكهاتەی توركمان كورسیی نابێت، مەگەر لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەو ‏كێشەیە بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن چارەسەر بكرێت، ئەوەش توركمانەكانی بە ‏تەواوی نیگەران كردووە و هەموو هەوڵەكانیان بۆ ڕێگری لەوە خستووەتە گەڕ.‏